Hamit Hüseyin
14 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
ھەولێر - AA
لەئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش لەشاری مووسڵ، تائێستا ٩٠ ھەزار ھاووڵاتی سڤیل لەو شارەوە ئاوارە بوون کە زۆربەیان روویان لە کەمپی خازر و حەسەن شام و سێودینان کردووە. لە ئێستاشدا ئاوارەکانی ناو کەمپەکان بۆ وەرگرتنی پێداویستی وەزری زستان رۆژانە لە بەردەم ئیدارەی کەمپ نۆرە دەگرن.
بەرێوەبەری کەمپی خازر بەدرەدین نەجمەدین لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "کەمپی خازر تا ئێستا ٣٥ ھەزار کەس زیاترمان وەرگرتووە، کە خۆی لە ٥٧٥٠ خێزاندا دەبینێتەوە، ھەروەھا لە کەمپی حەسەن شام ١٢ ھەزار ئاوارە ھەن و لە کەمپی سێودینان ١٥ ھەزار. ھاتنی ئاوارەکان بەردەوامە و ئیدارەی ئەو کەمپانە دەزگای خێرخوازی بارزانی بەرێوە دەبات".
گوتیشی: "لە وەرزی زستاندا ژیان سەختتر دەبێـت و ئێمەش بە پێی وەرز پێداویستیەکانیان بۆ دابیندەکەین و ئەویش ھەر لە خواردن و خواردەمەنی و شوێنی حەوانەوە. بەتایبەت لە ئێستادا ھەفتانە نەوت بەرسەر ئەو خێوەتانەدا دابەشدەکەین و تا ئێستا ھیچ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە رووینەداوە".
یەکێک لە ئاوارەکانی مووسڵ بە ناوی ئەیاز خەلەف بۆ ئاژنسی ئانادۆڵو گوتی: " وەرزی زستان زۆر سەختە بەڵام ئێمە ئەو سەرماوسۆڵە و ئاوارەییەمان پێ باشترە لە دەسەڵاتی داعش.ھێواخوازین مووسڵ ھەر چی زووە پاکبکرێتەوە و ئێمە بگەرێنەوە ماڵەکانی خۆمان".
ھەفتەی رابردوو وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەرباز محەمەد راگەیاند لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکە تا ئێستا ٩٠ ھەزار کەس لە مووسڵ و دەرووبەری ئاوارە بوون کە زۆربەیان لە کامپەکانی خازر و حەسەن شام (٣٠ کیلۆمەتر خۆرھەڵاتی مووسڵ) و سێودینان جێگیرکراون.