دیاربەرکر
دووکاندارانی دیاربەکر ڕایانگەیاند: "بەھۆی دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، ٩ مانگە دیاربەکر بەئاسوودەیی ژیان دەگوزەرێنێت و بازاڕەکانمان قەرەباڵغیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە لەچاو ساڵانی ڕابردوو، ئێستا لێرە ھەموو شتێک باشە."
یەکەم جارە لەسەرجەم ناوچەکانی پارێزگای دیاربەکر خەڵکی بەجۆش و خرۆشەوە پێشوازی جەژنی قوربان دەکەن و ڕوو لەبازاڕ و دوکان و شوێنە گشتیەکان دەکەن، لەچاو ساڵانی ڕابردوو مۆڵەکان قەرباڵغیەکی زۆری پێوەدیارە و خەڵک بەئاسودەیی پێویستیەکانیان دەکڕن.
لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی AA سوبحان ئێلبێی گوتی: "ھیوادارین پرۆسەکە بەردەوام بێت، چونکە ئەم پرۆسەیە ئاشتی و ئاسایش بۆ ناچەکە دابین دەکات."
گوتیشی" نیگەرانین لەوەستانی پرۆسەی چارەسەری، پرۆسەی چارەسەری جێگای رێزە و پێویستە ھەموو لایەک پشتگیری لە ھەنگاوەکانی قۆناغی ئاشتی بکەین، ئەوانەی ھەوڵی رێگری دەدەن ئەوا دەکەونە ژێر بەپرسیاریەتیەکی گەورەوە، ھیوادارن نەگەڕێینەوە سەردەمی شەڕ و پێکدادان چونکە ھاووڵاتیان دڵخۆشن.
ھەوەھا گوتیشی: "ھەندێک لایەن نایانەوێت گەلی تورکیا بەئاسودەیی بژین و گەل پشتیوانی لەئاشتی دەکات بۆیە ھیچ کەسێک توانای ئەوە نیە وڵات بەرەو جیابوونەوە ببات."
شادیە جارووش دانیشتوی پارێزگای دیاربەکر بۆ کرینی پێداویستیەکانی منداڵەکانی لەیەکێک لەمۆڵەکانی ئەو پارێزگایە بەزمانی کوردی بۆ ئاژانسی AA گوتی: "بۆ ئامادەکاریەکانی جەژنی قوربان و کڕینی جل و بەرگ بۆ منداڵەکانم لێرەم، ئەم جەژنە جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ جەژنەکانی تردا ھەیە، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی ئاسودەیی و ئارامی و جۆش و خرۆشی بۆ بازاڕەکان و خەڵکی پارێزگاکە ھێناوە، نامانەوێت خوێن بڕژێت تەنھا خواستێکمان ھەیە کە ئەویش سەقامگیرکردنی ئاشتی و بەھێزکردنی برایەتی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایە."
دووکاندارانی دیاربەکریش داوای بەردەوامی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی و رەوشی ئارامی شارەکەیان دەکەن و گوتیان: "بازاڕەکانمان لەچاو جەژنی ڕابردوو جۆش و خرۆش و قەرەباڵغیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، ھیوادارین خاوەن بازاڕەکان بتوانن بۆ لەمەودوا زیاتر کاربکەن و پارەیەکی زیاتر بەدەست بھێنن."