Dilşad Seyfeddin Ahmet
11 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2016
كۆنفرانسەكە لەلایەن زانكۆی ئەمریكی لە عێراق ـ سلێمانی، پەیمانگای توێژینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەروەها سەنتەری لێكۆڵینەوەی جێندەر و گەشەپێدان رێكخراوە، لە هۆڵی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و تەنها یەك رۆژ دەخایەنێت.
سەرەتای كۆنفرانسەكە بە گوتەی بەڕێوەبەرانی كۆنفرانس ڤان دێن تۆرن و چۆمان هەردی دەستی پێ كرد و باسیان لە ئامانج و تەوەرەكانی كۆنفرانسەكە كرد.
كۆنفرانسەكە لە پێناو بونیاتنانی تێگەیشتنێكی قووڵ و كاردانەوەیەكی دروستە بۆ یەكێك لە دڕندەترین تاوانە سیاسییەكانی سەدەی 21، هەڵدەستێت بە كۆكردنەوەی دەربازبووانی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لەگەڵ كۆی ئەو دەزگا و لایەنانەی كار بۆ تۆماركردنی ئەو تاوانە دەكەن، ئەو پیشەكارانەی خزمەتگوزاری پێشكەش بە دەرباز بووان دەكەن و كەسانێكی پسپۆڕ و ئەكادیمیش كە بەشدارن لە بەرهەڵستیكردنی تاوانی هاوشێوەی دژ بە مرۆڤایەتی.
ئەم كۆنفرانسە تیشك دەخاتە سەر چوار تەوەرەی سەرەكی (بە دۆكیۆمێنتكردن و كەیسی جینۆساید، زەبری دەروونی و ساڕێژبوون، بنیاتنانەوە، ئاشتی و گەڕانەوەی ئێزدییەكان).
لە چوارچێوەی كۆنفرانسەكەدا دوو پێشانگای تایبەتی فۆتۆگرافی كرانەوە، یەكەم لە ژێر ناوی پێشانگای ژیان لە كەمپی خانكێ كە لەلایەن ژنە فۆتۆگرافەرە ئێزدییەكانەوە ئامادە كراوە و وێنای ئەزموونە پڕ ئازارەكانی ئاوارەكانی كۆمەڵگای ئێزیدی دەكات و دووهەمینیان لە ژێر ناوی پێشانگای تراژیدییەكان بەردەوامن لەلایەن سۆران نەقشبەندییەوە كە باس لە ژیان و گوزەرانی ئاوارە ئێزدییەكانی شنگال لە كەمپی خانكێ دەكات.