سلێمانی - AA
''دوا بڕیارو قسەی کۆتایی لێرە من دەیدەم''، ئەمە گوتەی ئافرەتێکی سەنگینە کە لە سەر کورسییەکەی شارەوانییەوە هەوڵ دەدات تەواوی بنەماکانی یاسا بەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەدا پەیڕەو بکات و هیچ چاوپۆشی نەکات لەوانەی لە بڕیارەکانی شارەوانی دەردەچن لە هەڵەبجە.
کاتێک چووینە ژوورەکەی لە سەرۆکایەتی شارەوانی، ئەو لەگەرمەی مشتومڕدابوو تاکو بنەماکانی ژیانێکی هاوچەرخی نموونەیی بۆ هاووڵاتیانی شارەکەی روون بکاتەوە، مشتومرێک لەسەر ئەوەی ناکرێت ئاو، کە سامانێکی سروشتی گرنگە لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا، بەهەدەر بدرێت.
ئەوانەشی کە سەرپێچی لە بڕیاری بەهەدەر دانی ئاو دەکەن، سزای داون و سەرپێجی بۆنووسیون. ئەم نموونەیە دەکرێت وەک رووداوێکی ئاسایی تێپەڕێت، هەژموونی چەسپاندنی یاسا بەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەوە، بەڵام کاتێک ژن هەوڵی گەیاندن و چەسپاندنی ئەم بنەمایە دەدات، لەنێو کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەندێک جار رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
ئافرەت زۆر بە کەمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنێو کایەکانی کۆمەڵگەدا پێگەی ئیداری و دەسەڵاتیان هەیە، ئەوان بەزۆری سەرقاڵی بەڕێکردنی کارە رۆتینیەکانی نێو خێزانن، بەڵام کاتێک ژن هەژموونی دەبێت و لەپێگەیەکی سەرەکی حوکمداریدا جێگەی خۆی دەکاتەوە، نموونەیەکی جوان نیشانی تەواوی ژنان دەدات کەنەخێر دەکرێت ژنان و پیاوان پێکەوە هەردووک بەیەک ئاست بتوانن خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن بۆ چەسپاندنی ژیانێکی هاوچەرخی نموونەیی.
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنەوە تائێستا نموونەی زۆر هەن تاکو نیشانی تەواوی جیهان بدەن کە ژنان هاوشانی پیاوان دەتوانن پێگەی دەسەڵات و ئیداریان هەبێت و وڵات بەڕێوەبەرن.
کوێستان ئەکرەم فەرەج نموونەی یەکێکە لەو ژنانەی کە لەهەڵەبجە پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و تەکنۆکراتی هەیە، ئەو سەرۆکی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجەیە، رۆژانە دەچێتە ئۆفیسەکەی بۆ رایی کردنی کارەکانی هاوڵاتیان، تاکو پرۆژەی جوانتر و باشتر پێشکەش بە شارەکە بکەن.
- کوێستان ئەکرەم فەرەج کێیە؟
کوێستان ئەکرەم فەرەج لەدایک بووی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە، ناوبراو خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی هەر لەو شارە تەواو کردووە، دەرچووی پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک لە بەشی بیناسازی و لە ساڵی ١٩٩٣ وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی لە بەڕێوەبەرێتی شارەوانی دەستبەکار دەبێت، بەهۆی لێهاتوویی و کارامەییەوە سەرجەم پلەکانی فەرمانبەریی دەبڕێت تاکو لە ٢٠٠٥ دا دەبێت جێگری سەرۆکی شارەوانی لە هەڵەبجە. لەدوایین قۆناغیشدا لە ١.٦.٢٠١٦ دەبێتە سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە.
خێزانی کوێستان ئەکرەم بەردەوام لە هەڵەبجە ماونەتەوە و وەک خۆی باسی لێوە دەکات لەکاتی کارەساتی کیمیابارانەکەدا لە شاری هەڵەبجە بوون.
کوێستان ئەکرەم بەهۆی رێکخستنە نهێنیەکانی ئەوکاتەی پێشمەرگەوە کە هەردووکیان لەشار کاریان کردووە یەکتری دەناسن و ئەمەش سەرەتای هەنگاوەکانیان بۆ ژیانی هاوسەرگیری لێدەکەوێتەوە، پاش یەکترناسین، هاوسەرەکەی لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە دەستگیر دەکرێت تا لەدواتردا ئازاد دەکرێت و بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن لەساڵی ١٩٨٩ دا.بەڵام لە راپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ی هەرێمی کوردستاندا لە ٧ی ئازاری لە سلێمانی برینداردەبێت و وەک کوێستان باسی لێوە دەکات بەهۆی برینەکەیەوە لە ساڵی ١٩٩٩ دا شەهید دەبێت.
کوێستسان ئەکرەم خاوەنی کوڕو کچێکە، کە هەردووکیان بەجیا دەژین لەسلێمانی و بەژیانی تایبەتی خۆیانەوە سەرقاڵن و هەردووکیان زانکۆیان تەواو کردووە.
- لەبەر ئەوەی واژووی بۆ بەعس نەکردووە دانەمەزراوە
کوێستان باس لە سەرەتای تێکەڵبوون بە کاری رێکخراوەیی و حکوومی دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ١٩٨٨ دا پەیمانگەی تەکنیکی کەرکووک تەواو دەکات بەڵام بەهۆی ئەوەی واژوویان بۆ رژێمی بەعس نەکردووە و ملکەچی داواکانی رژێمەکە نەبوون دانەمەزراوە.
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە کوێستان ئەکرەم ئاماژە بەوە دەکات کە دوای راپەرین و لە ١٩٩٣ دا دامەزراوە بۆتە فەرمانبەرێکی ئاسایی، هاوکات شانبەشانی کاری فەرمانبەرییشی سەرقاڵی کاری رێکخراوەیی دەبێت و لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەکرێتە لێپرسراوی لقی ژنانی شارەزوور کاری رێکخراوەیی دەستپێدەکات. دوو ساڵ خۆی تەرخان دەکات بۆ کاری رێکخراوەیی و سیاسیی دواتر دەگەڕێتەوە سەر پیشەکەی خۆی لە نێو حکوومەتدا، ئەو حەزی کردووە کە بەردەوام خزمەتی شارەکەی (هەڵەبجە)بکات، ناوبراو باس لەوە دەکات کە کاتێک گەڕاونەتەوە بۆ هەڵەبجە لەدوای راپەڕین، شارەکە تەواو وێرانەیەک بووە، بۆیە لەرێی شارەوانییەوە هەوڵیان داوە کە خزمەت بە شارەکە بکەن و بیگەییەننە ئاستێکی بەرزی خزمەتگوزاری.
سەرەڕای ئەوەی بڕوانامەی پەیمانگەی هەیە و ئەرکی حکوومی هەیە، بەڵام کوێستان کۆڵنادات و ئێستا جارێکی تر چۆتەوە بەر خوێندن و خوێندکاری قۆناغی سێهەمی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە لە زانکۆی هەڵەبجە. ئەو باس لەوە دەکات کە جگە لە ئەرکەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، چالاکێکی بواری ژنانە، هەر بۆیە جارێکی تر چۆتەوە بەر خویندن و هەوڵی داوە لەرێگەیەکی ئەکادیمییەوە پەرە بەو کارەی بدات وەک چالاکوانی بواری ژنان.
کوێستان ئێستا بە تەنیا لە هەڵەبجە دەژیت و هەردوو منداڵەکەی لە سلێمانی ژیان بەسەردەبەن، ناوبەناو سەردانی یەکتر دەکەن، وەک خۆی دەڵێت، ناوبەناو دەچمە لای ئەوان لە سلێمانی و کاتێکی خۆش بەیەکەوە بەسەر دەبەین.
- رۆژێک لەژیانی کوێستان ئەکرەم چۆن دەگوزەرێت؟
کوێستان باس لە چۆنیەتی بەسەر بردنی رۆژێکی خۆی دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و دەڵێت:
"من ئەڵێم کە مرۆڤ باوەڕی بەخۆی هەبوو دەتوانێت هەموو کارێک بکات بەپێی ئەو بەرنامەڕێژیەی بۆخۆی دادەنێت، سەعات ٧:٣٠ دێمە دەرەوە، سەر لە کرێکارەکان دەدەم لەدەرەوە لە باخچەکان، دوای سەعاتێک دێمە سەرۆکایەتی شارەوانی تا سەعات ٢ سەرقاڵی کارەکانم دەبم لە سەرۆکایەتی شارەوانی. دواتر دەچمە ماڵ و خۆم ئامادە دەکەم دوای نان خواردن و چاوخشاندنەوە بە بەرنامەو کارەکانی ئەو رۆژەمدا، خۆم ئامادە دەکەم و دەچمە زانکۆ، هەتا سەعات ٧:٣٠ پاشان دەگەڕێمەوە، لە ٢٠:٠٠- ٢١:٠٠ پشوویەک دەدەم و دواتر چاوخشاندنەوە بە کارەکانی شارەوانیمدا دەکەمەوە، چونکە هەندێکیان ناتوانم لەکاتی دەوامدا سەرقاڵی بم''.
- ئافرەت بۆ لە سنووری هەڵەبجە بەردەوام لە پێگە ئیداریەکاندا رۆڵیان پێدراوە؟"
لەبەشێکی تری هەڤپەیڤینەکەیدا کوێستان ئەکرەم باس لە رۆڵی ئافرەت دەکات لە نێو شاری هەڵەبجەداو دەڵێت، ''هەڵەبجە مێژوویەکی زۆر جوان و شارستانیی هەیە لەگەڵ مامەڵەی ژن لەنێو کایەی دەسەڵات و ئیدارەدا، لە سەدەی ١٩ هەمدا عادیلە خانم دەسەڵاتی هەبووە لەم شارەدا، فەڕمانڕەوایەتی ئەم شارەی کردووە، قەڵەمڕەوی لە ئێران هەتا سنە و کرماشان و لە عێراقیش هەتا خانەقین بووە، واتە کاریان بە فەرمانەکانی کردووە. ئەم کولتوورە تائێستا ماوەتەوە، من لەپێش هەموو شتدا سوپاسی دانیشتوانی هەڵەبجە دەکەم کە لە ١٩٩٣ەوە تائێستا لەبواری شارەوانیدا کار دەکەم رووبەڕووی هیچ ئاستەنگییەک نەبوومەتەوە، راستە بۆخۆی سەرۆکی شارەوانی پێگەیەکی زۆر هەستیارە، چونکە ئێمە هەندیک جار کارەکانمان بریتیە لە رووخاندنی زیادەڕەوی، ئەمەش رووبەڕووی سەختیمان دەکاتەوە بەهۆی کارەکەمانەوە نەک وەک ژن، بۆ نموونە پار چووینە سەر کاریک بۆ رووخاندنی زیادەڕەووی، تەقەیان لێکردین، یاسا هەیە من سکاڵام تۆمار کرد، لەرووی یاساییەوە کێشەکەم چارەسەر کرد، یان هاووڵاتیان خۆیان هاتن و داوای لێبوردنیان کرد و هەرخۆیشیان زیادەڕەویەکەیان رووخاند. بەڵام بەراستی ئەبێت تۆ متمانەت بەخۆت هەبێت، یاسا لەپشتت بێت تاکو بتوانیت یاسا جێبەجێ بکەیت".
لەبارەی هۆکاری گرنگی دان بە پێگەی ئافرەتان لەنێو کایەکانی دەسەڵات و ئیدارەی شارەکەدا لە هەڵەبجە، کوێستان ئەکرەم ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت لەو رووەوە سوپاسی پیاوان بکرێت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کە تێڕوانینێکی بەرز و هۆشیارییەکی زۆریان هەیە لەرووی رێزگرتن لە ئافرەت و لەو ڕووەوە لەهەموو قۆناغەکانی مێژوودا لەکۆنەوە ئافرەت پێگەی بەهێزی دراوەتێ لە رووی ئیدارییەوە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەرگیز رووبەرووی کێشە نەبۆتەوە بەهۆی رەگەزەکەیەوە کە ژنە.
news_share_descriptionsubscription_contact

