Hemn Baban
05 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2018
ھەولێر-AA
مانگانە نزیکەی دوو ھەزار ھاووڵاتیی مامەڵەکانییان رایی دەکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەیان کە بە ھۆی جەنگەوە زیانییان لێکەوتووە.
سەرۆکی جێبەجێکاری لێژنەی ناوەندیی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە حکوومەتی عێراق، سەڵاح فەرحان تیشکی خستەسەر ئەو بڕە پارانەی کە حکوومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووان بە ھۆی کردەوەکانی گرووپی چەکداریی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە تەرخانکراوە، لەگەڵ ئەو کەسانەشی سوودمەند بوون.
سەڵاح فەرحان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی نوێیە لە مەسەلەی قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەرمەندانەی بە ھۆی داعشەوە زەرەریان پێگەیشت و ھەروەھا بە ھۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیشەوە ئەوەیە کە لێژنەی ناوەندیی قەرەبووکردنەوەکان لە حکوومەتی ناوەندی و بەتایبەت دوای ئەوەی ناوچەکان لەژێر دەستی داعش رزگارکران ھەستا بە راسپاردنی لێژنە لاوەکییەکان بۆ ئەوەی دەست بکەن بە راییکردن و رەوانەکردن و بەرزکردنەوەی مامەڵەی ئەو ھاووڵاتییانەی بە ھۆی داعش و ئۆپەراسیۆنەکانەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات قەرەبووبکرێنەوە".
گوتیشی: "لە دوای رزگارکردنی ناوچە گەرمەکان لەدەستی گرووپی تیرۆریستی داعش تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار مامەڵەی ھاووڵاتییان تەواوکراون و قەرەبووکراونەتەوە، قەبارەی ئەو بڕە پارەشی کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە و دراوە بۆ قەرەبووکردنەوە بریتی بووە لە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری عێراقی، ھەرچی ساڵی ٢٠١٨یە ئەوا تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار ھاووڵاتییان قەرەبوویان وەرگرتووە و زۆرینەشی بۆ پارێزگاکانی گەرم بووە لەوانە نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە، کەرکووک".
لێژنەی ناوەندیی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لێژنەیەکی سەر بە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و کاری بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە بە ھۆی کردە جەنگی و ھەڵە سەربازییەکان و کردەوە تیرۆریستییەکان زیانیان لێ کەوتووە.
بەپێی ئامارەکانی ئەم لێژنەیە لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاوەکو کۆتایی ئابی ئەمساڵ ٢٠١٨ بڕی ئەو پارانەی حکوومەتی عێراق بۆ ئەو قەرەبووکردنانەوە تەرخانیکردوون بریتی بووە لە ٧١٤ ملیار و ٩٢١ ملیۆن دیناری تەرخانکردووە.
لێژنەی ناوەندیی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، سەڵاح فەرحان لە درێژەی قسەکانیدا روونیشی دەکاتەوە "ئەوانەی لە ساڵی ٢٠١٨ سوودمەندبوون لە قەرەبووکردنەوە زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس بوون، ھەروەھا ئێستا مانگانە بەپێی پارێزگاکان مامەڵەی ھاووڵاتییان وەردەگرین و مانگانە نزیکەی دوو ھەزار مامەڵەی ھاووڵاتییان تەواو دەکەین".
گوتیشی: "حکوومەتی ناوەندی بەردەوام سندوقی قەرەبووکردنەوەی بەکراوەیی ھێشتووەتەوە، بۆیە ئەو سندوقە بەردەوامە لە قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییان ئەوانەی کە زیان بە ماڵ و موڵکییان گەیشتووە و ئەم قەرەبووکردنەونە زۆر زۆرن و بۆ ھەموو ھاووڵاتییانی زەرەرمەندە لە ھەموو عێراق".