Muhammet Kurşun
12 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2020
تاران - AA
له پارێزگای گێڵان باكووری ئێران، به‌هۆی بەفر بارین و هه‌ره‌سی به‌فره‌وه حه‌وت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.
گوته‌بێژی ده‌زگای هاوكاری به‌په‌له‌ی ئێران، موجته‌با خالیدی له لێدوانێكیدا بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی فەرمی ئێران باسی له‌وه كرد كه بارینی به‌فر له پارێزگاكه كاریگه‌ری نه‌رێنیی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان دروستكردووه و گوتی:
''له ئه‌نجامی هه‌ره‌سی به‌فر له شارۆچكه‌ی روودبار سەربە پارێزگای گێڵان، پێنج كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوە و له شاری ره‌شت ناوه‌ندی پارێزگاكه‌ش به‌هۆی داڕمانی سه‌ربانی ماڵێكه‌وه دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، هه‌روه‌ها ٧٨ كه‌س به هۆی كه‌وتنه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون".
له پارێزگاكانی گێڵان، مازه‌نده‌ران، ئه‌رده‌بیل، ئازه‌ربایجانی خۆرهه‌ڵات، ئازه‌ربایجانی خۆرئاوا و كوردستان، باكوور و باکووری خۆرئاوای ئێران، ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه كه‌شوهه‌وایه‌كی سارد و بارینی به‌فر ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه كه له هه‌ندێ شوێندا ئاستی به‌فری کەڵەکەبوو شه‌ش مه‌تری تێپه‌ڕاندووه و له زۆر ناوچه‌شدا رێگای هاتوچۆ داخراوه.