Hamit Hüseyin
07 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2016
زستانی ئەمساڵ سەختتر لە ساڵانی رابردووە و ئەمساڵ سەرماوسۆڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پەنابەرانی ھەراسان کردووە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە لە ھەرێمی کوردستانن و لە کەمپ و لە ژێر خێمەدا دەژین.
بەفربارینی ئەمساڵ رێگەی چەندین گوند و ھەروەھا دەروازەکانی سەرەکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی وەک ئێران، سووریا وتورکیاشی ئەستەم کردووە.
لە نێو کەمپەکان بێدەنگی زۆر ھەیە و تەنیا ئەو کەسانە لە خێمە دێنە دەرەوە کە بۆ کڕینی نان یا دروستکردنی خێمەدڕاوەکانی خۆیان لە دەرەوە کار دەکەن بەڵام دیمەنی دیکەش لەو کەمپە دیار دەکەوێ کە ھەندێ منداڵ بە پێڵاوی ھاوینی بۆ کڕینی نان دەچن و پێڵاوەکانیان پڕ لە قوڕ بووە و بەرگەی ئەم سەرمایە ناگرن. دیمەنی دڵتەزێنی تر ئەوە بوو کە تەمەن فریای ھەندێ پەنابەر ناکەوێت و ھەر لە ئاوارەیدا بەھۆی نەخۆشی یان ھەر ھۆکارێکی دیکە کۆچی دوایی دەکەن، ئەوەش کارەساتێکی دیکەیە بۆ ئەو پەنابەرانە کە زستانە و ناتوانن تەرمەکانی خزم و کەسی خۆیان بۆ رۆژئاوا بگەڕێننەوە و ھەر لە دەورووبەری کەمپەکە بە خاک دەسپێردرێن.
پەنابەرێکی رۆژئاوا کوڕێکی بەناوی محەمەد کەلەمەند خەڵکی قامشلۆ کە تەمەنی ١٢ ساڵانە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی سێ ساڵە لەم کەمپەم ئەمساڵ لە ھەموو ساڵەکان ساردترە و ئەوەش وای کردووە کە زۆربەی خەڵک بیر لە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوا یان کۆچ بەرەو ئەورووپا بکەن. لە ھەدوو حاڵەتدا مردن لەبەر چاومانە و لێرەش سەرما زەختمان لێ دەکات".
ئەو دەڵێت: "ئێمە لە خێمەیەکداین کە خێزانمان ٨ کەسن تەنیا ٤ بەتانیمان ھەیە شەوان کاتی نووستن خەمی ئەوەمان ھەیە کە چۆن بتوانین ھەموومان پێکەوە بخەوین هەتا بەتانی بەشمان بکات ئەمە تەنیا خەمی سەرمایە خەمی برسێتی زۆر جار بێزارم دەکات من لە ھەفتەیەکدا زیاتر لە سێ رۆژ بەبرسێتی دەخەوم".
مەروا سوبحی پەنابەرێکی کچ بوو تەمەنی ١١ساڵان بوو لە کەمپی گەورگۆسک کە تیمی ئاژانسی ئانادۆڵوی دیت لە نێو کەمپەوە بە لامانەوە ھات و بەدەم گریانەوە سکاڵای ھەبوو لە رەوشی کەمپەکە. ئەو گوتی: "سەرمای ئەمساڵ لە برسێتی رۆژئاوا سەختترە و ئەی بۆ کەس بە ھانای ئێمە نایەت. من دوو گورچیلەم ژان دەکات و رۆژانە لە قوتابخانەش ئەو کێشەیەمان ھەیە سەرما زۆری بۆ ھێناوین و ناتوانین خوێندن تەواو بکەین".
ھەیسەم حەسەن پەنابەرێکی رۆژئاوا بوو کە منداڵێک لە خێزانی ئەو کۆچی دوای کردبوو لە سەر گۆڕستانەکە لە کاتی ناشتنی تەرمەکەیان بۆ ئانادۆڵو دوا و گوتی: "خەمی سەرما و برسێتی و مردن زۆر قورسە. ئێمە لەدەست زەبر و زەنگ و ستەمی ئەسەد هەڵاتووین. زۆربەی خەڵکی ئێمە بۆ سووریا یان بۆ ئەورووپا و ئەمریکا دەڕۆن و ئەوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەورووپی و نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپۆشی لە ئێمە دەکەن".
کەمپی کەورگۆسک کە گەورەترین کەمپی پەنابەرانی سوورییە لە ھەولێر، لە ١٥/٨/٢٠١٣ دروست کراوە و لە ئێستادا نزیکەی ١٥ ھەزار ئاوارەی کوردی رۆژئاوای تێدا دەژی کە لە ٢٥٠٠ خێزان پێکھاتوون.
لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا و دواتر فراوانبوونی ئەو ئاڵۆزییانە بۆ قەیران، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپا رۆیشتن و زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لە چەند کەمپێکدا جێگیر کراون.