جيهان, عێراق

پەنابەرە سووریاییەکان لە گەڕانەوەیان دوودڵن

Rawan Subhi Obaiullah  | 14.01.2025 - نوێکردنەوە : 15.01.2025
پەنابەرە سووریاییەکان لە گەڕانەوەیان دوودڵن

Dahuk

دهۆک- AA

زیاتر لە ١٣ ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریایی لە کەمپەکانی ھەرێم نیشتەجێن، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە مانگێکە ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، بەڵام ھێشتا پڕۆسەی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان دەستی پێنەکردووە.

ھۆزان محەمەد ساڵح دەروێش، پەنابەرێکی سووریاییە و لە کەمپی دۆمیز لە دهۆک نیشتەجێیە، ئەو بۆخۆی خەڵکی شاری قامیشلۆیە و، دڵخۆشی خۆی بە کەوتنی ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕادەگەیەنێت و، لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ماوەی ١٣ ساڵە وڵاتی سووریام بەجێھشتووە چونکە ڕەوشی سووریا ئاڵۆز بوو، ئاسایشی تێدا نەمابوو، دواتر کۆچمان کرد بۆ هەرێم و لە کەمپەکاندا گیرساینەوە، لێرە ئاسایشمان پارێزراوە، لێرە فێری زۆر شت بووین، حکوومەتی ھەرێم زۆر ھاوکاری کردووین، بەڵام ھێشتا ئێمە لە خەونی گەڕانەوەین بۆ سووریا و كەچی تا ئێستاش سەرەڕای کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هێشتا دیار نییە کەی دەگەڕێینەوە،چونکە دەبێت سووریایێک دروست بێت مافی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت، داواکاریشمان ئەوەیە ئەو ناوچانەی بە دەستی کوردەوەیە، ڕێکبکەون بۆ ئەوەی بە ئاسایشییەوە لەوێ بژین".

لە دەستپێکی جەنگی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١، سەدان خێزانی سووریایی پەنایان بۆ ھەرێم ھێناوە، بەشێکیان لە کەمپەکاندا دەژین و بەشێکی دیکەشیان ژیانێکی نوێیان لە ناو شارەکاندا دەستپێکردووە، کەمپی دۆمیزیش یەکێکە لەم کەمپە گەورانەی دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای دھۆک کە شەش ھەزار و ١٢٨ خێزان، ٢٩ ھەزار و ١٩١ کەس لێ دەژین.

محەمەد حسێن یەحیا ، پەنابەرێکی دیکەی کەمپی دۆمیزە، لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەندین ساڵە من و خێزانەکەم لە ناو کەمپی دۆمیز دەژین، هیوادارین دۆخی سووریا سەقامگیربێت و هەموولایەک ڕێکبکەون و شەڕ نەمێنێت بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە، من خانووەکم لە سووریا هەبوو فرۆشتم، ئەگەر ئێستا بچینەوە لەوێ خانوویەکی دیکە دەکڕم و لێی دەگیرسێمەوە چونکە زێدی خۆمە".

ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی دژبەری ڕژێمی سووریا، شاری دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد-یان لەو وڵاتە ڕاگەیاند.

ئەحمەد محەمەد منداڵێکە تەمەنی ١٠ ساڵە، لە کەمپی دۆمیز لە دایکبووە، ئەو داواکارە ڕۆژێک لە ڕۆژان دۆخی سووریا ئارام بێت و بچێت لە وڵاتەکەی خۆی بژیت، ئەو لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وڵاتی سووریا بۆ من وەک دایک و باوک وایە، ڕاستە من لە ھەرێم لە دایک بووم، بەڵام دەمەوێت بگەڕێمەوە وڵاتی خۆم و کەسوکارمان لە زیندانی سووریا ئازاد ببن، چونکە ڕژێمی بەشار ئەسەد زۆر لە کەسوکارمانی زیندانی کردووە".

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاری دھۆک، نزیکەی ١١٥ ھەزار پەنابەری سووریایی لە پارێزگاکە ماونەتەوە.

ھەدیە ڕەمەزان حەمکو ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵە خەڵکی دێرکی سووریایە و باس لەوە دەکات کە هەرچەندە ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، بەڵام ناخوازێت بگەڕێتەوە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لێرە لە ھەرێمی کوردستان ھەست بە ئاسایش و سەقامگیریی دەکەم، نامەوێت لەم قۆناغەدا بگەڕێمەوە سووریا، بەڵکو چاوەڕوان دەکەم تا دۆخەکە تەواو سەقامگیر دەبێت ئینجا بیر لە گەڕانەوە دەکەمەوە".

لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپ ھەیە، پێنج لەوانە کەمپی پەنابەرەکانی سووریایین کە بریتین لە ھەریەک لە کەمپەکانی دۆمیزی یەک، دۆمیزی دوو، بەردەڕەش، گەوێلان و ئاکرێ.

ئامینە عومەر ، ژنێکە تەمەنی ٧٧ ساڵە لە کەمپی دۆمیز دەژێت، و هەست بەوە ناکات کە پەنابەرە و ئەم لەمبارەیەوە گوتی:
"شام شەکرە، وڵات شیرینترە (هۆنراوەیەکی جگەرخوێن-ە)، بەڵام تاوەکو وڵاتەکەمان دۆخەکەی باش نەبێت، نامەوێت بگەڕێینەوە، ئێمە تەماشای دۆخەکە دەکەین، تا دۆخەکە باش نەبێت، ئەوا ناگەڕێینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın