Abdulhameed Husseın Karam
04 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٩٧ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) و ٢٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەیش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٣١ھەزار و ١٣٢ تووشبوو و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە ھەزار و ١٧٣ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاو کردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج ھەزار و ١٤٤ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ھەزار و ٢٦٨ لە ھەولێر، ٧٠٣ لە سلێمانی، ٢١٢ لە گەرمیان، ٦٠ لە ھەڵەبجە و دوو ھەزار و ٩٠١ کەسیش لە دھۆک بوون، دەرەنجام ٥٩٧ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ٢٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ١٦٠ تووشبوو، شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان
شاری سلێمانی، ١١٠ تووشبوو، ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان
ئیدارەی گەرمیان ٢٧ تووشبوو
ئیدارەی راپەڕین، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان
پارێزگای دھۆک، ٢٧٣ تووشبوو، سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
ھەڵەبجە، ٢٧ تووشبوو
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٢٣ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە کە ٢٢٢ لە ھەولێر، ٣٣ لە سلێمانی، ٣٨ ئیدارەی گەرمیان و ٣٠ لە ھەڵەبجە بووە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٣٣٤ ھەزار و ٢٢٢ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، کە ١٣١ ھەزار ٨٠ لە ھەولێر، ٩١ ھەزار و ٩٢ لە سلێمانی، ١٠٨ ھەزار و ٨٩٧ لە دھۆک و سێ ھەزار و ١٥٣ لە ھەڵەبجە بووە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھیچ ھاووڵاتییەک کەرەنتین نەکراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەیشتووەتە ٣١ ھەزار و ١٣٢ کەس کە، ١٢ ھەزار و ٥٨٠ لە ھەولێر، ١٢ ھەزار و ٤٣٤ لەسلێمانی، پێنج ھەزار و ١١٣ لە دھۆک و ھەزار و پێنج کەسیش لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا ھەزار و ١٧٣ کەس حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٤٤١ لە ھەولێر، ٦٤٣ لە سلێمانی، ٧٢ لە دھۆک و ١٧ حاڵەت لە ھەڵەبجە بووە.