Heman Hussein Yaseen
14 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2020
ههولێر - AA
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەمال موسلیم رایدەگەیەنێت کە رێگا بە قۆرخکاری نادرێت و ئاشکرایشی دەکات کە ھەزار و ٥٠٠ کۆنتێنەر خۆراک بەڕێوەیە.
لە چوارچێوەی رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ ھاووڵاتییان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەمال موسلیم لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان دارا جەلیل خەیات و ژمارەیەک بازرگانانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ''لەگەڵ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی، بەمەبەستی دابیبکردنی خۆراک ھیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و دەروازە سنوورییەکان کراوەن و داناخرێن، لە ھەردوو سنووری تورکیا و ئێران چەندین تۆن خۆراک بەڕێوەیە''.
کەمال موسلیم گوتیشی: ''لانیکەم ھەتا چوار مانگی داھاتوو پێویستمان بە ھیچ خۆراکێک نابێت و ئێستا زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ کۆنتێنەر لە بەندەر عەباسەوە دێت و دوێنێ ٢٠٠ کۆنتێنەر ھاتووە و بازگاکان لە دەرەوەش و لە بەندەری مێرسین و بەندەر عەباسیش بەردەوام بۆشاییەکان پڕ دەکەنەوە''.
لەبارەی ئەو بازرگانانەی ھەوڵی قۆرخکاری دەدەن، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێم گوتی: ''ھەر کەسێک دەست بۆ قۆرخکاری ببات، بە توندترین شێوە لەلایەن تیمەکانی چاودێری بازرگانییەوە سزا دەدرێن''.
سەبارەت بەو قەرەباڵغییەی لە مارکێتەکان دروستبووە بۆ کڕینی خۆراک و کەلوپەلی دیکە، کەمال موسلیم گوتی: ''ئاساییە ھەموو خێزانێک پێداویستی خۆی دابین بکات و بەشی پێوسیتی خۆی ھەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت خەڵک لەوە نەترسی کە قەیرانی خۆراک رووبدات و دڵنیابن قەیرانی خۆراک روونادات''.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا کەمال موسلیم راگەیاند کە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەسەر ھێڵن بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو دۆخە درێژەی کێشا ئەوا ئۆتۆمبێلی سەوزە و میوە و خۆراک بە کۆڵانەکاندا بگەڕێن.