Hemin Hüseyin
13 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2018
هەولێر - AA
تاقیگەی مەڵبەند لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە پشکنین بۆ ئەو کەرستە و بابەتانە دەکات کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بەڕێوەبەری ئەو تاقیگەش ئاماژە بەوە دەکات کە کوالێتی بابەتەکان باشن، بەڵام رەخنە لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەگرێت بە هۆی نەبوونی لیستی گەرمیپێوی ناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بۆ ئەوەی کەشی ناو ئۆتۆمبێلەکە رێکبخرێت.
بەڕێوەبەری تاقیگەی مەڵبەند لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، دکتۆر سلێمان بەرواری لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم تاقیگەیەدا هەموو کەلوپەلێک بە گشتی پشکنینی بۆ دەکرێت ئەوانەی سەر بە وەزارەتی تەندروستی و کشتوکاڵن ئەوا بە پێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی ئەوانە مشمول نین بە بڕوانامەی (سی ئۆ سی) واتا رێگاپێدان بۆ بابەتەکان، چونکە مەوادی حافیزەی تێدایە و ئەوانە چاوەڕێ ناکەن و پێویست ناکات بمێننەوە".
لەبارەی چۆنیەتی کوالێتی کەلوپەل و ئەو بابەتانەی لە وڵاتی تورکیا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، دکتۆر سلێمان بەرواری گوتی: "بابەتەکانی تورکیا لە رووی کوالێتییەوە زۆر باشە، بەڵام کێشە لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی بابەتەکانە نەک کوالێتی بابەتەکان، بەتایبەت لە کەلوپەلی خۆراک چونکە لیستی گەرمی پێوی تێدانییە بۆ ئەوەی کە شوفێرەکە چەند کاتژمێرێک جارێک دەرگاکە بکاتەوە ئەگەر پێویست بوو، بۆیە کە دێت دەبینین بابەتەکە ماڕکەیە، بەڵام کە دەگاتە ئێرە فاشیل دەبێت و لە پشکنین دەرناچێت".
سەبارەت بە رێژەی ئەو بابەتانەی کە لە پشکنین دەرنەچوون لە مانگی رابردوودا، دکتۆر سلێمان بەرواری گوتی: "لە مانگی ئادار رێژەی ئەو بارهەڵگرانەی کە دەرنەچوون لە سەدا ٢،٦ بووە و ئەوانی دیکە باشن و زۆر رازین لە کەرستەکانی تورکیا".
لەبارەی ژمارەی ئەو نموونانەی کە رۆژانە وەردەگیرێن بۆ پشکنین لەو تاقیگایە، دکتۆر سلێمان بەرواری گوتی: "بەگشتی رۆژانە نزیکەی ٦٠٠ تا ٧٠٠ سامپڵ وەردەگرین جگە لە رۆژانی هەینیی، ئەو سامپڵەی کە لە پشکنین دەرنەچێت، ئەوا بازرگان بۆی هەیە جارێکی دیکە داوای پشکنین بکاتەوە و بۆی دووبارە دەکرێتەوە دوای گۆڕینی بابەتەکە، بەڵام لە حاڵەتی سێیەم جار ئەوا هەندێک رێککاری یاسایی دەگیرێتەبەر و تا ئێستاش ئەو حاڵەتە رووینەداوە".
دکتۆر سلێمان بەرواری گوتیشی: "ئێمە لەماوەی رابردووشدا سەردانی وڵاتی تورکیامان کردووە بۆ ئەوەی بەشێک لە کارمەندەکانمان خولی راهێنان ببینن و ئامێرەکانیشمان لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان کڕاوە و تازەن، بۆیە لە ئێستادا ئەو تاقیگەیە یەکێکە لە تاقیگە مۆدێرنەکان".
تاقیگەی مەڵبەند لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نموونەی هەموو ئەو کەرستە و کەلوپەلانە وەردەگرێت کە لە سنووری نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و دوای پشکنین لەو تاقیگەیە ئەوا بڕیار لەسەر چۆنیەتی کوالێتی بابەتەکان دەدرێت.