hemn husain
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2016
پێش قەیرانی دارایی، نرخی زەوی و خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزببوویەوە ئەمەش وای كردبوو كە بازاڕی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە گەرمتر ببێت بەجۆرێك رۆژانە نرخەكان روو لە بەرزبوونەوە بوون بەڵام دوای درووست بوونی شەڕی داعش و ئەو قەیرانە داراییەی كە هەرێمی كوردستانی تێ كەوتووە ئەوا بە شێوەیەكی بەرچاو نرخی زەوی و خانووبەرە دابەزی، بەشێكیش لە خاوەن نووسینگەكان ئاماژە بە هۆكاری دابەزینی نرخی زەوی و خانووبەرە دەكەن.
خاوەنی نووسینگەی حاجی سەلام بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە، حاجی سەلام بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر بێت و بە داتا قسە بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین لە مانگی 6ی 2014 پاش ئەوەی داعش شاری مووسڵی گرت لەو كاتەدا جیاوازییەكە بەدیار دەكەوێت، بۆ نموونە ئەگەر باسی كرێ بكەین دەبینین جیاوازییەكی زۆری هەیە چونكە ئەو كات كۆمەڵێك كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان بوون و لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش ئەوانیش گەڕانەوە شوێنی خۆیان و ئەمەش كاریگەری لەسەر كرێی خانووبەرە هەبوو، بۆ نموونە پێش شەڕی داعش كرێی یەك خانوو لە گوندی ئینگلیزی بە چوار هەزار دۆلار بوو بەڵام لە ئێستادا نرخی هەمان خانوو 1500 دۆلارە كە ئەمەش جیاوازییەكی زۆری هەیە و بە جۆرێكی تر دەتوانین بڵێین پێش دروستبوونی شەڕی داعش كەمترین نرخی كرێ 600 دۆلار بوو بەڵام لە ئێستادا خانوو هەیە بە 250 دۆلار بە كرێ دراوە".
سەبارەت بە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، حاجی سەلام پێی وایە كە لە بابەتی كڕین و فرۆشتنیشدا جیاوازییەكی بەرچاو هەیە و گوتی: "بۆ مەسەلەی كڕین و فرۆشتنیش هەمان جیاوازی هەیە، بۆ نموونە لە گەڕەكی 32ی پارك زەویمان هەبوو نرخی لە 140 هەزار دۆلاری كەمتر نەبوو بەڵام ئێستا بە 80 هەزار دۆلاریش هەیە، بۆیە من پێم وایە لە هەموو كەرتەكان جیاوازی بەخۆیەوە بینیووە لە زەوی و شوقە و زەوی كشتوكاڵی و خانووبەرە".
لەبارەی ژمارەی گرێبەستەكانی مانگانە بۆ كڕین و فرۆشتن لە نێوان جاران و ئێستادا، حاجی سەلام پێی وایە كە جاران رۆژ بە رۆژ نرخەكان روو لە زیادبوون بوو بۆیە كڕین و فرۆشتنی بەردەوام هەبووە و گوتی: "جاران زۆربەی خەڵك كە ئەمڕۆ خانوو یان زەویەكی دەكڕی بۆ بەیانییەكەی قازانجی دەكرد و دەیفرۆشتەوە بەڵام لە ئێستادا ئەوە نەماوە و هەمووی رووی لە دابەزینە و لە ئێستا خواست لەسەر كڕین كەم بووەتەوە و پێم وایە گرێبەستەكان لە ئێستادا بە رێژەی سەدا 50 بۆ 70 دابەزیوون".
هەر سەبارەت بە كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی شتومەك و كەلوپەل بە تایبەت زەوی و خانووبەرە، خاوەنی نووسینگەی بەكر عوسمان پێی وایە كە دابەزینی نرخ هۆكارێك بووە بۆ دروستبوونی ئەم قەیرانە سەرەڕای هەبوونی شەڕی دژ بە داعش.
خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، بەكر عوسمان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت ئەوا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان هەیە و لەم چوارچێوەیەشدا ئەگەر باسی نرخی زەوی و خانووبەرە بكەین ئەوا بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە سەرەڕای ئەوەی دروستبوونی شەڕی داعش هۆكارێكی دیكە بووە".
بەكر عوسمان گوتیشی: "ئەگەر بە نموونە خانوویەك لە پرۆژەی چاودێر ستی وەرگرین، پێش ئەو قەیرانە داراییە كە هێشتا خانووەكان لە قۆناغی تەواوكردندا بوو ئەو كاتە نرخی یەك خانوو لەم پرۆژەیە بە 100 هەزار دۆلار بوو بەڵام لە ئێستادا نرخی خانوو لەو پرۆژەیە نزیكەی 70 هەزار دۆلارە لە كاتێكدا كە خانووەكان تەواو بووە".
خاوەن خانووەكانیش نیگەرانن لە دابەزینی نرخی خانووەكانییان و ئاماژە بەوە دەكەن كە كاتی خۆی خانووەكانیان بە نرخێكی گران لە پرۆژەكان كڕیووە و ئێستاش بەو نرخەی ئەوكات كڕیوویانە ناتوانن بیفرۆشنەوە.
خاوەن خانوو لە پرۆژەی گوندی كانی ئەڵمانی خالید حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە گوندی كانی ئەڵمانی خانوویەكمان كڕی بە 180 هەزار دۆلار و هەر دوای ماوەیەك نرخەكانیان بەرزبووەوە تا نزیكەی 300 هەزار دۆلار و بەڵام لە ئێستادا نرخەكەی دەگاتە 120 هەزار دۆلار و كەسیش نایكڕێت بۆیە من پێم وایە كاتی خۆی ئەم خانووانە بە نرخێكی گرانتر بە هاووڵاتییان فرۆشراوە".
كرێچییەكانیش نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و پێیان وایە هەرچەندە نرخی زەوی و خانووەكان دابەزیووە بەڵام كرێ هەر وەك خۆیەتی و ئاماژە بە نەبوونی یاسایەك دەكەن بۆ ئەم مەبەستە.
كرێچی سەرمەند نەسرەدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دروستە كە نرخی زەوی و خانووبەرە دابەزیووە بەڵام نرخی كرێ هەر وەك خۆیەتی و من ماوەی چوار ساڵە بە كرێی 600 دۆلار لە خانووەكەمم لە گەڕەكی شارەوانی و دوای دروستبوونی ئەم قەیرانە و نەبوونی مووچەش، چەند جارێك داوام لە خاوەن خانووەكەم كردووە كە كرێی خانووەكەم بۆ كەم بكاتەوە و داواكارییەكەم رەتكراوەتەوە و لە ئیستاشدا مانگانە 600 دۆلار كرێی خانووەكەم دەدەم".
جێگەی ئاماژەیە ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان كردووە و لە ئێستاشدا چەندین پرۆژەی نیشتەجێبوون بە هۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەكانیان لەكار كەوتووە و لەلایەكی دیكەوەش نرخی زەوی و خانووەكانیش روو لە دابەزینە و ئەمەش بۆچوونی جیاوازی لێ كەوتووەتەوە.