hemn husain
01 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2016
دوای ئەوەی حكوومەتی توركیا بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بڕیاریدا پێدانی ڤیزا بە شێوەیەكی ئۆنڵاین نەمینێت و پێویستە داواكاران سەردانی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكان بكەن بۆ وەرگرتنی ڤیزای توركیا، لە ئێستادا رێژەی ئەو كەسانە سەردانی وڵاتی توركیا دەكەن بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بووەتەوە.
نووسینگەكانی گواستنەوە بە هەموو جۆرەكانیانەوە بۆچوونی جیاوازیان هەیە و هەمووشیان لەسەر ئەوە هاوڕان كە گۆڕینی ئەم سیستەمە كاریگەری لەسەر مامەڵە بارزگانی و گەشتیارییەكان دروستكردووە.
خاوەنی نووسینگەی سكای بۆ فڕۆكەوانی ئاماژە بەوە دەكات كە لەم مانگەدا چەندین گەشتی ئاسمانییان هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی نەبوونی گەشتیار و پێی وایە نەمانی سیستەمی ئۆنلاین بۆ پێدانی ڤیزا، كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر سەفەركردنی هاووڵاتییان بۆ وڵاتی توركیا.
خاوەنی نووسینگەی سكای بۆ فڕۆكەوانی ژیار كەنعان موفتی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەكو كۆمپانییایەكی فڕۆكەوانی دەبینین كە بە شێوەیەكی بەرچاو رێژەی رێبواران لە هەولێرەوە بۆ توركیا دابەزیووە، چونكە مەرج نییە هەموو هاووڵاتییەك بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی توركیا بكات بەڵكو هەندێكیان بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی و بازرگانی سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن".
ژیار موفتی ئاماژەی بە هەڵوەشانەوەی چەند گەشتێكی ئاسمانی كرد و گوتی: "ئەم هەفتەیە كۆمپانیای ئەتڵەس جێت، شەش گەشتی خۆی هەڵوەشاندەوە كە بەبۆچوونی ئێمە سەدا 90 ی هۆكارەكە، نەبوونی گەشتیار بووە، جگە لەوەش ئێمە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكەی فڕۆكەوانی پەیوەندیمان هەیە، گەشتی وا هەبووە لە هەولێرەوە بۆ ئیستانبوڵ تەنیا چوار كەس لەناو فڕۆكەكەدا بووە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت چونكە پەیوەندییەكی باشی ئابووری هەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا".
خاوەنی كۆمپانیای سكای پێی وایە دەبێت ئاسانكاری لە سیستەمی پێدانی ڤیزا بكرێت و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "داواكاریمان ئەوەیە كە ئاسانكاری بكرێت بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان چونكە كاتی چاوپێكەوتنەكان زۆر دوورە و خەڵك ناتوانێت ماوەیەكی زۆر چاوەڕێ باكات".
سەبارەت بە ژمارەی گەشتەكانی نێوان هەولێر و ئیستانبوڵ لە ئێستادا، بە بەراورد لەگەڵ پێشووتر، ژیار كەنعان موفتی ئاماژەی بە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكان كرد و گوتی: "وەكو هێڵە ئاسمانییەكانی هەولێر- ئیستانبۆڵ، كۆمپانیای ئەتڵەس جێت رۆژانە 2 گەشتی هەیە، كۆمپانیای عێراقییە 1 گەشتی هەیە، كۆمپانیای توركیش ئێرلاین 2 گەشتی هەیە و پێگاسۆس 2 گەشتی هەیە و زاگرۆس 2 گەشتی هەیە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی ئەو گەشتانە بە هۆی نەبوونی رێبواران هەڵدەوەشێتەوە".
ژیار موفتی گوتیشی: "گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزا كاریگەری راستەوخۆی لەسەر مامەڵەی بازرگانی و سەردانی گەشتیاری دەبێت بۆ وڵاتی توركیا".
كۆمپانیایەكی گواستنەوەی هاووڵاتییان بە رێگای وشكانی ئاماژە بەوە دەكات كە پێش گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان ئەوا رۆژانە نزیكەی هەزار كەس سەردانی توركیای دەكرد و لە ئێستاشدا ئەم رێژەیە بۆ سەدا 98 دابەزیووە.
خاوەنی كۆمپانیای سواڵۆلایس بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان بە رێگای وشكانی، هێمن تاهیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەتوانین بڵێین رێژەی ئەو رێبوارانەی سەردانی وڵاتی توركیایان دەكرد بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا بە رێژەی سەدا 98 كەم بووەتەوە چونكە خەڵكی عێراق بە سەختی دەتوانن سەفەری وڵاتی توركیا بكەن و ئەمەش بووەتە كێشە بۆ هاووڵاتییانی عێراقی".
هێمن تاهیر گوتیشی: "پێش گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزا خەڵكێكی زۆر سەردانی توركیای دەكرد، بۆ نموونە، رۆژانە زیاتر 10 ئۆتۆمبێلی پاس هاووڵاتییانی دەگواستەوە بۆ توركیا، دەتوانین بڵێین رۆژانە هەزار كەسی عێراقی سەردانی توركیای دەكرد، بەڵام لە ئێستادا دەتوانین بڵێین ئەم رێژەیە بووەتە لەسەدا سفر".
سەبارەت بەو كەسانەشی كە رۆژانەی هاتوچۆی وڵاتی توركیا دەكەن، هێمن تاهیر ئاماژە بە جۆری پاسپۆرتەكە دەكات و دەڵێت: "رێبوارەكانی كە ئێستا هاتوچۆ دەكەن یان خەڵكی وڵاتی توركیان یان پەساپۆرتی ئەو وڵاتانەیان هەیە كە پێویست بە ڤیزا ناكات".
هێمن تاهیر گوتیشی: "شوفێری پاسەكان خەڵكی وڵاتی توركیان و ماوەی یەك مانگیش دەبێت ئەو پاسانە نەهاتوونەتە ناوەوەی عێراق بە هۆی نەبوونی رێبوار و لە ماوەی ئەم مانگەشدا هیچ رێبوارێكمان نەبووە كە خەڵكی عێراق بێت و سەردانی وڵاتی توركیا بكات".
خاوەنی كۆمپانیای مارلین بۆ گەشتیاری مەسعوود عەزیز ئاماژە بە گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزا دەكات وەكو هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی رێژەی رێبواران و پێی وایە ئەوانەی لە ئیستاشدا سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن ئەوا خەڵكی وڵاتی توركیان.
مەسعوود عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان ئەوا كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئێمە و هاووڵاتیانش هەبوو چونكە پێش گۆڕینی ئەو سیستەمە، ئێمە رۆژانە بە 5 ئۆتۆمبێلی پاس هاووڵاتییانمان دەگواستەوە بۆ وڵاتی توركیا بەڵام لە ئێستادا یەك پاس ماوەتەوە و ئەوانیش تەنیا بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی توركیایە".
خاوەنی نووسینگەیەكی گواستنەوەی هاووڵاتییان بە تاكسی پێی وایە كە قەیرانی دارایی و گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزا، دوو هۆكار بوون بۆ کەمبوونەوەی رێبوار و گەشتیاران بۆ وڵاتی توركیا.
خاوەنی نووسینگەی دهۆك محەمەد خەسرەو سورچی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قەیرانی دارایی كاریگەری هەبوو لەسەر سەفەركردنی هاووڵاتییان و لە لایەكی دیكەوەش گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزا بۆ وڵاتی توركیا ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر نەبوونی رێبوار و گەشتیاران و لە ئێستاشدا زۆربەی تاكسییەكانمان لە چاوەڕوانی رێبواراندا دانیشتوون".
سەبارەت بە رێژەی ئەو كەسانەی كە لەماوەی رابردوودا سەردانی وڵاتی توركیایان دەكرد بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا، محەمەد خەسرەو گوتی: "پێشتر لە نووسینەگەكەی ئێمە رۆژانە 25 كەس سەفەری وڵاتی توركیایان دەكرد و لە ئێستاشدا ئەگەر باسی ئەمڕۆ بكەین ئەوا هێشتا تاكسی ژمارە یەك نەڕۆیشتووە لەبەر نەبوونی رێبواران كەچی پێشتر لەم كاتەی ئێستادا چوار تاكسی رۆیشتبوو".
خاوەنی نووسیگەی دهۆك گوتیشی: "حكوومەتی توركیا بۆ رێگەگرتن لە تیرۆر و بەقاچاغ رۆیشتنی هاووڵاتییان ئەم بڕیارەی داوە بەڵام دوای ئەو بڕیارە خەڵك رێگای دیكە دەدۆزێتەوە و بە شێوەیەكی نایاسایی خۆی دەگەیەنێتە توركیا و لەوێشەوە بەرەو ئەورووپا دەڕوات".
جێگەی ئاماژەیە دوای گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزای وڵاتی توركیا بە هاووڵاتییان عێراقی، ئەوا رێژەی ئەوانەی پێشتر سەردانی وڵاتی توركیایان دەكرد بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیووە و هاووڵاتیانیش داوا دەكەن كە پێداچوونەوە بەم سیستەمەدا بكرێت.