Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2019
سلێمانی ـ AA
پێش دوو هەفتە پارێزگاری سلێمانی پڕۆژەیەكی نوێی لە شارەكە راگەیاند كە پڕۆژەیەكی كەرتی تایبەتە و بریتییە لە یەكەم بەنزینخانەی گەڕۆك لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.
لەئێستادا پڕۆژەكە كەوتووەتە بواری كاركردن و لە رێگەی پێنج ئۆتۆمۆبێلی تایبەتەوە كە هەڵگری بەنزینن، رۆژانە خزمەتگوزاری گەیاندنی بەنزین دەگەیەنن بەو شۆفێرانەی لە رێگاوبانەكاندا بەنزینیان لێبڕاوە یان دەیانەوێت بەنزین بكەنە ئۆتۆمۆبێلەكانیانەوە.
خاوەن و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، كارا ئەحمەد نەجار وردەكاری پڕۆژەكەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو خستەڕوو و گوتی: "لە سەرەتای جەژنی قوربانەوە دەستمان بە پڕۆژەكەمان كردووە كە بەنزینخانەی گەڕۆكە، پڕۆژەكە پڕۆژیەكی نوێیە لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش بەجۆرێك لە دوای بەریتانیا و ئەمریكا و ئیمارات دەبینە چوارەم وڵات كە ئەو پڕۆژەیە بەكار دەهێنین".
كارا هەروەها گوتی: "ئەو سیستمەی ئێمە لە پڕۆژەكەدا بەكاری دەهێنین سیستمێكی پێشكەوتووە و تەنها لە بەڕیتانیا كار بەو سیستمە دەكەن كە سیستمی ڤانـ-ە و سیستمێكی پێشكەوتوو شارستانی جیهانییە، بەڵام لە ئەمریكا و ئیمارات كار بە سیستمی تانك دەكرێت كە زیاتر لە رێگەی تانكەرەوە كارەكە ئەنجام دەدرێت".
ئەوەشی گوت، ئامانجیان بووە وەك كەرتی تایبەت پڕۆژەیەكی جیاوازتر بهێننە هەرێمی كوردستانەوە و خزمەت بە هاووڵاتییان بكەن و لە رووی كوالێتی و نرخیشەوە هەوڵ دەدەن بە كوالێتییەكی باش و نرخی كەمتر لە بەنزینخانەكانی تر بەنزین بە هاووڵاتییان بفرۆشن.
لەئێستادا پڕۆژەكە پێنج ئۆتۆمۆبێلی تایبەتە كە رۆژانە لە رێگەی خزمەتگوزاری پەیوەندی تەلەفونەوە دەگەنە لای شۆفێران، بڕیارە مانگی داهاتوو بكرێتە 12 ئۆتۆمۆبێل و خزمەتگوزاری زیاتریش بۆ شۆفێران دابین بكەن.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە گوتی: "لەم ماوە كەمەی دەستمان بە كاركردن كردووە سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە و پێشوازییەكی باشیشمان لێكراوە لە لایەن هاووڵاتییانەوە، بۆیە پڕۆژەكە لەناو سلێمانی بەرفراوانتر دەكەین و حەوت ئۆتۆمۆبێلی تر دەهێنین بۆ ناو سلێمانی، هەروەها پلانمان هەیە پڕۆژەكە بۆ شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراقیش بگوازینەوە ئەگەر لە لایەن لایەنە پەیوەندییدارەكانەوە كارئاسانیمان بۆ بكرێت".
ئەو باسی لەوەش كرد، تا ئێستا هەلی كاركردنیان بۆ 30 گەنج رەخساندووە و بە گەیشتنی ئۆتۆمۆبێلەكانی تر هەلی زیاتری كاركردن دەڕەخسێنن، هەروەها لەژێر چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەكان و بە كوالێتییەكی باشتر و بە 50 دینار كەمتر بۆ هەر لیترێكی بەنزین لە جۆرەكانی سۆپەر و موحەسەن و نۆرماڵ بەنزین بە شۆفێران دەفرۆشن.