Hemn Baban
29 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2016
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزەكانی پێشمەرگە بەبەشداریی پێنج هەزار و 500 كەس ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی ژمارەیەك گوندی ناوچەی خازریان لە رۆژئاوای هەولێر دەست پێ كرد، لە هێرشەكەدا سەرباری كوژراو، داعش چەندین ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراویشی تەقێنرانەوە، فەرماندەی پێشمەرگەی زێڕەڤانی لیوا سالار تەیمور لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند "داعش چەندین كوژراوی هەیە و پێنج شەش ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراویشیان تەقێنراوەتەوە".
لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆی خازر داعش بە دووریی چەندین كیلۆمەتر پاڵ نرا بۆ دواوە و چەند گوندێكیشی لەدەستدا.
ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانییان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ژمارەیەك گوندی كاكەیی و شەبەك كە دوو كەمینەن لە میحوەری خازری سەربە پارێزگای نەینەوا دەست پێ كرد، ژمارەیەك گوند كۆنترۆڵكرانەوە، پێشمەرگە تەنها یەك شەهیدی هەبوو، جگە لە تەقاندنەوەی پێنج ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو دەیان چەكداری داعش لەو ئۆپەراسیۆنەشدا كوژراون.
ئۆپەراسیۆنەكە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان، مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەكات سەر لەبەیانی ئەمڕۆ نزیك بە كاتژمێر پێنج لە میحوەری خازەر دەستی پێ كرد و تێیدا هەریەك لە هێزەكانی زێڕەڤانی، هێزەكانی پشتیوانی و لەشكری تایبەتی گوڵان و لەشكری تایبەتی یەك و فەرماندەیی دهۆك بەشدارییان تییادا كردووە.
میحوەری خازر دەكەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر و نزیكەی 60 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، میحوەرەكە لەژێر سەرپەرشتی فەرماندە عارف تەیفووردایە، بە بەردەوامی نزیكیی چەكدارانی داعش لەو شوێنەوە بە مەترسی بۆسەر قەزای خەبات كە نزیكەی 20 كیلۆمەتر لەو سنوورەوە دوورە دادەنرا، هەروەها بۆ سەر شاری هەولێریش، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆ بۆ دەیان كیلۆمەتر پاشەكشەی بە داعش كرد و ئەو مەترسییەی لەسەر شارۆچكەی خەبات و هەولێریش رەواندەوە.
خازر رووبارێكە لە بناری چیای حەسەن شام لەنێوان پارێزگای هەولێر و نەینەوا، نزیكەی 35 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، بە شوێنێكی ستراتیژجی دادەنرێت، ئەگەر چی پێشتر چەكدارانی داعش زۆر لە شارۆچكەی خەبات نزیك بوون، بەڵام ئەمڕۆ چەندین كیلۆمەتر پاشەكشەیان پێكرا و بەو پێیە وەك ئەوەی لە راگەیەنراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت پێشمەرگە دەیەوێت چەكدارانی داعش بباتەوە بۆ ناو مووسڵ بۆ ئاسانكردنی كردەی رزگاركردنەكەی كە چەند رۆژێكی دیكە دوو ساڵ بەسەر كۆنترۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە تێدەپەڕێت.
ئۆپەراسیۆنەكەی هێزی پێشمەرگە گوندەكانی زەهرا خاتوونی گەورە و زەهرا خاتوونی بچووك، موفتییە، تەلئەسوەد، توولەبەند وهی تریش دەگرێتەوە، بەهۆی بوونی قەناس بەدەستەكانی چەكدارانی داعش و هەروەها بوونی چەند خۆكوژێك و ئۆتۆمبیلێكی ئامادەكراوی بۆمبڕێژكراو سەرەتا بەهێواشی ئەچوویە پێشەوە و پێشمەرگەش لەسەرخۆ پێشڕەویی دەكرد، دوای بۆردومانێكی چڕی تانك و چەكە قورسەكانی پێشمەرگە لەسەر زەوی و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لەئاسمانەوە ئیدی چەكدارانی داعش گوندی موفتییەیان یەكەمجار بەدەستەوە دا، لەو گوندە دەیان چەكداری داعش كوژراون لە نێویاندا خۆكوژ هەن، سەرباری ئەوەیش هەر لەو شوێنە چەندین ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو تەقێنرانەوە.
ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژەكراوەكانی چەكدارانی داعش زیاترینی ئەو چەكانەن كە چەكدارانی داعش بۆ گەیاندنی زۆرترین زیان بە پێشمەرگە پشتی پێدەبەستن، بەڵام هیچ كام لە ئۆتۆمبیلەكانی ئەمڕۆیان ئەو ئامانجەی نەپێكا، لەگەڵ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژكراوەكاندا ئاگر و دووكەڵ لەگەڵ تۆزێكی زۆری ئەو ناوچە دەشتاییە دەچوون بە ئاسماندا و دەنگەكەشی هێندە گەورە بوون كە پێدەچوو بۆ بۆمبڕێژكردنی هەریەك لەوانە بە دەیان تۆن تەقینەوە ئاخنرابن.
لە راگەیەنراوێكێدا ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بۆ سەر چەكدارانی داعش بۆ زیاكردنی فشارەكانی سەر چەكدارانی داعش و ئامادەكارییەكانی سەر شاری مووسڵە، هەروەها هاتووە "ئۆپەراسیۆنەكە بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت و چەند گوندێكی رۆژهەڵاتی مووسڵ كۆنتڕۆڵ دەكرێنەوە".
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەشی روونكردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆدا پێنج هەزار و 500 پێشمەرگە بەشدارن.
فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی زێڕەڤانی كە ئەمڕۆ بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكەی میحوەری خازری كرد لیوا سالار تەیمور لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "بەپێی پلانێكی داڕێژراو ئەمڕۆ كاتژمێر چوار و نیو دەستمان كرد بە پاككردنەوەی گوندەكانی رۆژئاوای خازر لە چەكدارانی داعش، بەهۆی زۆری چاڵ و چۆڵی ناوچەكە پێشڕەوییەكان سەرەتا بەهێواشی دەچوونە پێشەوە، ئەو ئامانجانەی دەستنیشان كراون جێبەجێ دەكرێن و ئەو گوندانەی دانراون رزگاردەكرێن".
گوتیشی: "چەكدارانی داعش كوژراویان زۆرە و پێنج شەش ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراویشیان تەقێنرانەوە و تا ئێستا زیانی پێشمەرگە زۆر زۆر كەمە".
هێزەكانی پێشمەرگە بە پێچەوانەی پێشووتر كە تەنها بەرگرییان لە شوێنەكان دەكرد ئێستا ستراتیجیەتی هێرشكردنە سەر داعشیان هەیە و ماوەیەكی زۆرە رووبەرێكی زۆریان لە خاكی ژێر دەستی چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵكردووەتەوە، بەوەیش لە چەندین میحوەرەوە لە جەلەولاوە تا دەگاتە شەنگال بەرەو پێشەوە دەچن و پاڵ بەداعشەوە دەنێین بۆ دواوە و لەچەند میحوەرێكیشەوە پێشمەرگە لە مووسڵی پایتەختی خەلافەتەكەی داعش تەنها 12 كیلۆمەتر دوورە.