Mohammed Baqi Hussein
24 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2016
سه‌ركۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له نامهیەکدا جه‌ختیكردووەته‌وه، كه ده‌ستبه‌رداری كاركردن نه‌بوون بۆ ئاشتی و دۆستیایه‌تی به‌رانبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ی مێژوو ده‌كه‌نه سیاسه‌ت و هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی دوو گه‌لی دراوسێ و خاوه‌ن مێژوو و نه‌ریتی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن و نووسیویه‌تی: "به‌م بیركردنه‌وه‌یه‌وه، به‌ڕێزه‌وه یادی ئه‌و ئه‌رمه‌نییه عوسمانییانه ده‌كه‌مه‌وه كه كۆچی هه‌میشه‌ییان كردووه و سه‌ره‌خۆشی له کەسوکارەکانیشیان دەکەم ئەوانەی لە ژیاندا ماون".
جێگری پاتریكی گشتیی ئه‌رمه‌نییه‌كانی توركیا ئارام ئاتێشیان له كڵێسای مه‌ریه‌م له كوم كاپی ئیستانبوڵ به‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی رووداوه‌كانی 1915ـه‌وه مه‌راسیمێكی ئایینیی به‌رێوه‌برد و سه‌ركۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانیش به‌و بۆنه‌یه‌وه نامه‌یه‌كی به زمانه‌كانی توركی و ئه‌رمه‌نی ئاراسته‌ی ناوبراو كرد.
ئه‌ردۆغان له په‌یامێكیدا له‌وباره‌یەوه كه به‌ر له مه‌راسیمی ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌لایه‌ن ئاتێشیانهوه خوێنرایه‌وه، سڵاو و رێزی ئاراسته‌ی ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌رمه‌نییانه كردووه كه له‌ژێر سایه‌ی پاتریمی ئهرمهنییهكاندا له ئیستانبوڵ یادی ئه‌رمه‌نییه عوسمانییه‌كان ده‌نه‌وه، كه له هه‌لومه‌رجی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا گیانیان له‌ده‌ستدابوو.
ئه‌ردۆغان له نامه‌كه‌یدا جه‌ختی كردووەته‌وه كه خۆشحاڵه جارێكی‌تر یادی ئازاره‌كانی ئه‌رمه‌نییه عوسمانییه‌كان له توركیا به‌رز راده‌گیرێت و نووسیویه‌تی: "خاكی ئه‌نادۆڵ، ویژدان و دادپه‌روه‌ری ده‌خاته پێش هه‌موو شتێكه‌وه و ئه‌ركه مرۆڤایه‌تییه‌كان پشتگوێ ناخات و به‌ڕاستگۆیی خۆشی و ناخۆشییه‌كان به‌ش ده‌كات وه‌ك پێویستییه‌كی ئه‌م بیركردنه‌وه و هه‌ڵوێسته مرۆڤانه‌یه به‌رده‌وام ده‌بین له پارێزگاریكردن له یادی ئه‌رمه‌نییه عوسمانییه‌كان و به‌رده‌وام ده‌بین له بیركه‌وتنه‌وه و بیرخستنه‌وه‌ی مێژوو و كلتوری هاوبه‌شی تورك و ئه‌رمه‌نی كه ده‌گاته هه‌زار ساڵ ده‌ستبه‌رداری كاركردن نه‌بووین بۆ ئاشتی و دۆستیایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ی مێژوو ده‌كه‌نه سیاسه‌ت و هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی دوو گه‌لی دراوسێ و خاوه‌ن مێژوو و نه‌ریتی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن به‌م بیركردنه‌وه‌یه‌وه، به‌ڕێزه‌وه یادی ئه‌و ئه‌رمه‌نییه عوسمانییانه ده‌كه‌مه‌وه كه كۆچی هه‌میشه‌ییان كردووه و سه‌ره‌خۆشی له‌و كهسوكارهیان ده‌كه‌م كه له‌ژیاندان، به‌ڕێزه‌وه یادی هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییه عوسمانییانه‌ی ئه‌و قۆناغه ده‌كه‌مه‌وه، نه‌ته‌وه و زمانیان هه‌رچییه‌ك بووبێت، جارێكی‌تریش به‌و بۆنه‌یه‌وه سوپاسی هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌رمه‌نییانه ده‌كه‌م كه لهڕابردووهوه تا ئه‌مڕۆ سوودیان بۆ وڵاته‌كه‌مان هه‌بووه."
جێی ئاماژه‌یه په‌یامه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان به زمانی ئه‌رمه‌نیش بڵاوكرایه‌وه.
- له ساڵی 1915 چی روویدا؟
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له ساڵی 1914، نه‌ته‌وه په‌رسته‌كانی ئه‌رمه‌نی ده‌رفه‌تیان له به‌شداریكردنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و رووسیا له دوو به‌ره‌ی جیاوازدا وه‌رگرت، به جۆرێك له پێناو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیا هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ رووسییه‌كان كرد.
سوپای رووسیا كاتێك رۆژهه‌ڵاتی ئانادۆڵوی داگیر كرد، له لایه‌ن خۆبه‌خشه‌كانی عوسمانی و ئهرمهنەكانی رووسیا پشتگیری ته‌واویان وه‌رگرت، هه‌ندێك له ئهرمهنەكانی سوپای عوسمانیش چوونه ناو ریزی سوپای رووسی. هاوكات ئه‌و یه‌كینه سه‌ربازییانه‌ی له لایه‌ن ئه‌رمه‌نه‌كان پێكهێنرا، زیانیان به سه‌رچاوه‌كانی لۆجیستكی سوپای عوسمانی گه‌یاند و رێگرییان له پێشڕه‌وییه‌كانی كرد. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه چه‌ته‌كانی ئه‌رمه‌نی ویستیان كۆكوژی و زۆڵمداری له‌و شوێنانه ئه‌نجام بده‌ن كه داگیرییان كردبوو. ده‌وڵه‌تی عوسمانی له پێناو گرتنی رێوشوێنی پێویست هه‌وڵی دا نوێنه‌ران و پیاوه ماقولانی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌وباره‌یه‌وه قایل بكات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. بۆیه به‌هۆی زیادبوونی هێرشه‌كانی كۆمیته ئه‌رمه‌نه‌كان، ده‌وڵه‌تی عوسمانی له 24ی نیسانی 1915 بڕیاری دا به داخستنی كۆمیته‌ی شۆڕشگێرانی ئه‌رمه‌نی و ده‌ستگیركردن و دوورخستنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه ئهرمهكان له وڵات‌دا. دوابه‌دوای ئه‌م رووداوانه ئامانج وابوو هه‌موو ساڵێك چالاكی ماته‌مینی "كۆكوژی ئه‌رمه‌نی" رێك بخرێت.
سه‌ره‌ڕای گرتنی رێوشوێنی پێویست له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی و به‌رده‌وامبوونی هێرشه‌كان له لایه‌ن ئه‌رمه‌نه‌كانه‌وه، له 27ی ئایاری 1915 بڕیار درا ئهرمهنەكانی نزیك به‌ره‌كانی شه‌ڕ و ئه‌و ئه‌رمه‌نانه‌ی پشتگیری سوپای رووسیا ده‌كات كۆچیان پێ بكرێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی پیلانی تۆکمه‌ی بۆ دابینكردنی پێداویستی مرۆیی كۆچبه‌ران داڕێژرا، به‌ڵام به‌هۆی ره‌وشی ناله‌باری شه‌ڕ، شه‌ڕوپێكدادانه‌كانی ناوخۆ، نه‌خۆشی، برسێتی و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی گرووپه‌كانی ناوخۆ، ژماره‌یه‌كی زۆر له ئهرمهنەكان له كاتی كۆچدا گیانیان له‌ده‌ست دا.
به‌ڵگه‌نامه‌كانی مێژوویی ئه‌وه ده‌رده‌خات كه هه‌روه‌ك چۆن ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئامانجی نه‌بووه ئه‌و تراژیدیایه بێته ئاراوه، ته‌نانه‌ت سزای ئه‌و تاوانانه‌ی داوه‌ته‌وه كه كراوه‌ته سه‌ر ئه‌رمه‌نه‌كان، هاوكات له‌كاتی به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌و تاوانبارانه‌ی دادگاییكرد كه ده‌ستیان له رووداوه‌كانی ئه‌رمه‌نی هه‌بووه و به‌هۆیه‌وه لهسێدارهیانی دابوو.
ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌رمینیا و دیاسپۆرای ئه‌رمه‌نی، ناساندنی رووداوه‌كانی 1915یه وه‌ك كۆكوژی و هاوكات وه‌رگرتنی قه‌ره‌بووه له توركیا.
ده‌سته‌واژه‌ی "كۆكوژی" به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی سزادان و رێگریكردن له تاوانی كۆكوژی له ساڵی 1948،بریتیه له له‌ناوبردنی به‌شێك له گرووپێك یاخود ته‌واوی گرووپێك له رووی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی.
توركیا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه وه‌ك كۆكوژی ناناسێت، رووداوه‌كانی 1915 به "تراژیدیا" بۆ هه‌ردوو لا وه‌سف ده‌كات. توركیا پێی وایه بابه‌ته‌كه دوور له سیاسه‌ت و بێ ره‌چاوكردنی مێژووی لایه‌نێك،پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای لێك تێگه‌یشتن و رێزگرتن و به دادپه‌روه‌رانه چاره‌سه‌ر بكرێت، هاوكات توركیا بێجگه له كردنه‌وه‌ی ئه‌رشیفی هه‌ردوو وڵات، داوای لێكۆڵینه‌وه له ئه‌رشیفی وڵاتێكی سێیه‌م ده‌كات له رووداوه‌كانی 1915دا و هه‌روه‌ها پێشنیاری پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی هاوبه‌ش ده‌كات كه مێژووناسانی تورك، ئه‌رمه‌نی و پسپۆرانی نێوده‌وڵه‌تی له‌خۆ بگرێت.
له تشرینی دووه‌می 2009 پێشهاتێكی گرنگ له رووی ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاته هاته ئاراوه، لایه‌نه‌كان له پێناو بونیادنان و پێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی دیپلۆماسی، له زریخی پایته‌ختی سویسرا دوو رێككه‌وتنیان واژوو كرد.
له رێككه‌وتننامه‌كاندا ئاماژه به بابه‌تی كرانه‌وه‌ی ئه‌رشیفی هه‌ردوو وڵات و لێكۆڵینه‌وه به شێوه‌ی زانستی و ناساندنی سنووره‌كانی هه‌ردوو لایه‌ن كراوه، ئه‌مه بێحگه له پێشنیازی كرانه‌وه‌ی سنووری هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا. له كاتێكدا حكوومه‌تی توركیا رێككه‌وتنه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد و راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كرد، حكوومه‌تی ئه‌رمینیا له پێناو لێكۆڵینه‌وه، رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشكه‌ش به دادگایی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ی كرد. دادگای ده‌ستووری ئه‌رمینیا به‌هۆی نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ ده‌ستووری وڵات رێككه‌وتنه‌كه‌ی ره‌ت كرده‌وه و دواتر حكوومه‌تی ئه‌رمینیا له كانوونی دووه‌می 2010 هه‌لپه‌ساردنی قۆناغی په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتنه‌كانی ئاشكرا كرد. به‌و پێیه‌ش دوای تێپه‌ڕبوونی پێنج ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه، حكوومه‌تی ئه‌رمینیا له مانگی شوباتی ساڵی رابردوو كشانه‌وه‌ی خۆی له رێككه‌وتنه‌كان ئاشكرا كرد.