Muhammet Ali Kemal
15 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2017
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "لە کاتێکدا ئێمە هەوڵ دەدەین لەپێناو داهاتووی خۆماندا بڕیارێک بدەین، دەبینین ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی بە ئاشکرا هەڵمەت لە دژی سیستەمی نوێی حوکمڕانی کە دوای ١٦ی نیسان دێتە دی، بەڕێوەدەبەن. بە ئێوە چی؟ بە پەرلەمانتارانی ئەورووپا چی؟ لەبەردەم پەرلەمان وێنەی ئەردۆغانی هەڵگرتووە و دەڵێت 'ئەردۆغان بکوژن'. ئەوە لە کوێ؟ لە پەرلەمانی سویسرا. سوپاس بۆ خوا، واتا تەنانەت ئەوانیشمان ترساندووە. چونکە ئێمە 'ترسمان بۆ دوژمن و خۆشەویستیمان بۆ دۆستان' هەیە. ئەمەیە جیاوازییەکەی ئێمە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ناوچەی کارتاڵی ئیستانبوڵ، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان سەبارەت بە قۆناغی دوای ٧ی حوزەیران ئاماژەی بەوەکرد ئەوەیان لەبیرنەچووە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن چ پەلەقاژەیەکی بوو تاکو باڵی سیاسیی رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز بۆ دەسەڵات پەلکێش بکات و گوتی: "لەبیرمان نەچووە کە گەورەترین پارتی بەرهەڵستکار و باڵی سیاسیی رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز چ پەلەقاژەیەکیان بوو بۆ دەسەڵات. لەبیرمان نەچووە کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان چۆن چۆنی هێرشیان بۆسەر وڵاتەکەمان ئەنجام دا و چۆن هەوڵیان دا تاکو وەبەرهێنەران بگلێنن. هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزیش بەشێکی ئەو دیمەنەیە. ناکرێت بەجۆرێک بەردەوام بین لەسەر رێگەکەمان وەک بڵێی ئەوانە هیچ رووی نەدابێت لە کاتێکدا لەبەرچاومانن. ئێستا کەسانێک هەن دەڵێن 'ئێستا چ پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە؟'، لە راستیدا ئێستا بە تەواوی کاتی چاکسازییە".