سامسون
لەکۆبوونەوەیەکی کراوەی لەگەڵ لایەنگرانی پارتەکەیدا لە گۆڕەپانی جمھوریەتی سام سون لەژێر ناوی میتینگی " گرنگی و بایەخەکانی دەوڵەت بژێنە و بپارێزە"، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP) گوتی: سیستمی کۆماریی تورکیا لەمەترسیدایە.
لەدرێژەی گوتەکانیدا باخچەلی گوتی: توانیان ئەکتەرەکانی روخانی عوسمانی بدۆزنەوە کە بەر لە ٩٤ ساڵ ڕووخاندیان و ئێستا یاری لەگەڵ ئەو ئەکتەرانە دەکەنەوە.
باخچەلی گوتی: ئەردۆغان و حکومەتەکەی ھەوڵی تەقاندنی دواین فیشەک دەدەن لەڕێگای گۆڕینی دەستورەوە، دەیەوێ ماف و سەرمایەکانی گەلی تورک پارچەپارچە بکا. کۆماری تورکیا لە کەناری گۆڕینی سیستمەکەیدایە، سەرۆکوەزیران بەچەرخەوە لەگەڵ باروت پیاسە دەکات، ئەم کەسایەتییە لە قسەکانی دوێنێی لەگەڵ ئەمڕۆدا وەک جادوکەر وایە، سەرۆکوەزیران دەڵێت بەپاڵکەوتن و ناتوانرێت جمھوریەت بپارێزرێت، بانگەشە بۆ خزمەتکردنی گەل لەپێناو جمھوریەت دەکات، ١١ ساڵە جمھوریەتی تورکیاتان پەرێشان کردووە، کەوگیرتان سوڕاندوە، چەند زوو لەبیری چوویەوە، وەک رۆنی زەیتون خۆیان دەھێننە سەرەوە؟، سەرۆک وەزیران ئێوە لەکوێ وشەی جمھوریەت لەکوێ؟ تۆ لەکوێ و باسکردنی دیموکراسی لەکوێ؟ ھێرشکردنە سەر چادری پارکی گەزی تۆ نیت؟ ئایا تۆ دیموکراسیت؟ ئایا تۆ نیت لەشەوی جەژن بەخۆت و ئامێرەکانتەوە ڕوبەرووی ناڕەزایانی دروستکردنی ڕێگای ODTÜ دەبونەوە؟ ئێستاش دێیت باسی خزمەتی گەل و پاراستی جمھوریەت دەکەیت.
رێگا و روخاندنی مزگەوت
سەبارەت بەگوتەکانی ئەردۆغان لەبارەی دروستکردنی رێگاوە کە ئەگەر مزگەوتیش ھەبێت دەیڕوخێنن و لەشوێنێکی تر مزگەوت دروست دەکەن، باخچەلی گوتی "ئەردۆغان دەڵێت ئەگەر پێویست بکات مزگەوت بۆ تێپەڕاندنی ڕێگا دەڕوخێنین، لەلایەکی ترەوە ھەوڵی کردنەوەی کەنیسە دەدات، لەلایەک مزگەوت دەڕوخێنێت لەلایەکی ترەوە بەباجی گەل ھەوڵی دروستکردنی کەنیسە دەدات و قردێلەی کەنیسە دەبڕێت.
لەلایەکەوە چاوەکان بەکردنەوەی مزگەوت پڕ دەکاتەوە، لەلایەکی ترەوە بەبێ پرس و ڕاوێژ زەویەکانی خەڵک بە کەیفی خۆی دابەش دەکات بەسەر کەمینە ئاینیەکاندا. بەڕێز ئەردۆغان ئەوەت لەبیر نەچێت بۆ دروستکردنی ڕێگا مزگەوت دەروِخێنیت، ئەمە چ کارێکە؟ چەمە چ گوناھێکە؟ ئەگەر کەسێکی تر ئەم قسەیەی بکردایە لەجیاتی ئەردۆغان نە کافرایەتی و نە دوژمنی ئیسلام دەما پێی نەگوترێ، ئەردۆغان چاو و بەختی ئەوەندە بەستراوەتەوە کە نازانێت مزگەوت مەدەنیەتە، پەپازەکان و جولەکەکان مێشکیان تێکداوە، خواستی راستەقینەی ئەردۆغانیش دەرکەوتووە.
خەونەکانی سەرۆکوەزیران بۆ پۆستی سەرکۆماری نوقمی ئاو دەبێت
باخچەلی بۆ لایەنگرانی سەبارەت بەھەڵبژاردنی ٢٠١٤ وڵاتەکەی دەڵێت: ماوەی حکومەتی ئەردۆغان کۆتایی ھاتووە، وادەی سەرۆکایەتیی ئەردۆغان تەواو دەبێت، ئەمەش لە ٣٠ ئایاری ٢٠١٤ گەل و لایەنگرانمان پیشانی دەدەن.