Muhammet Ali Kemal
01 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2016
سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند: ''کاتێک کە پێویستمان بە سزای لەسێدارەدان هەیە، کاتێک گەل ئەمەی دەوێت، لەو دۆخەدا پێویست بە بیانوو هێنانەوە و قسەی زیادە ناکات. ئەگەر ئاکەپە ئامادەبێت، ئەوا مەهەپە لەدوێنێوە ئامادەیە''.
دەوڵەت باخچەلی لە گوتارێکدا کە لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەپەرلەمان پێشکەشیکرد، ئاماژەی بەوەکرد ئەوەندەی لەسەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان تێدەگەن ئەوە دەبینن کە دەیەوێت سزای لەسێدارەدان بگەڕێتەوە و ئەگەر بێت و ئەو یاسایە بێتەوە پەرلەمان، ئەوا پەسەند دەکرێت.
باخچەلی باسی لەوەکرد بۆچوونی مەهەپە هەر لەسەرەتاوە روون و دیار بووە و گوتی:
''لەکاتێکدا مەهەپە سەبارەت بە لەسێدارەدانی پیاوکوژەکەی ئیمرالی بەرەنگاریی دەکرد، ئەو هاوپەیمانییە ئاسمانییەی بەرەوڕوومان بوویەوە، رێگریی لێکردین. تەنانەت چەندین ساڵ ئێمەیان بەجۆرێک تاوانبار دەکرد کە شایەنی نەبووین. لای ئێمەوە شتێک نییە گۆڕابێت، ئێمە هەمان روانگە و بۆچوونمان هەیە. ئەوەی کە گۆڕاوە ئەوەیە، ئەوانەی دوێنێ رەخنەیان لەئێمە دەگرت، ئەمڕۆ هاتوونەتە بەرەی ئێمە. ئەم دۆخە سەلمێنەری درووستیی سیاسەتی ئێمەیە''.
راشیگەیاند: ''کاتێک کە پێویستمان بە سزای لەسێدارەدان هەیە، کاتێک گەل ئەمەی دەوێت، لەو دۆخەدا پێویست بە بیانوو هێنانەوە و قسەی زیادە ناکات. ئەگەر ئاکەپە ئامادەبێت، ئەوا مەهەپە لەدوێنێوە ئامادەیە. بانگەواز لەبەڕێز سەرۆکوەزیران دەکەم و دەڵێم وەرن با ئەم کارە تەواوکەین، سزای شایستەی ئەو کەسانە بدەین کە دوژمنایەتی گەل و نیشتمانمان دەکەن. ئەگەر بێت و پرۆژە بڕیارێک یان پێشنیارێک سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی لەتیرۆر، جەنگ یان تاوانی نزیک لە جەنگ تێوەگلاون، بێتە پەرلەمان، مەهەپە ئەوەی کە پێویستە و لەئاستی چاوەڕوانی گەلی تورکدایە، ئەنجامی دەدات''.
سەرۆکی گشتیی مەهەپە گوتیشی: ''ئەوانەی کە دژی سزای لەسێدارەدانن، ئەو کۆمیسیارانەی یەکێتیی ئەورووپا کە لەئێستاوە ئاگاداریی دەدەن، با بڕۆن بەلای ئیش وکاری خۆیانەوە. ئەو کەسەی کە ئێمە گوێ لەقسەی دەگرین تەنها گەلی تورکە. تورکیا لەبرۆکسلەوە نا، بەڵکو لە ئەنقەرە و پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت. لەدەرەوەی ئەوەش نە هیچ هێزێک دەناسین و نە ملیشیان بۆ کەچ دەکەین. لەئێستادا تۆپی لێدوان و هەڵمەتەکە لەوبارەیەوە لەساحەی ئاکەپەدایە. ئامادەکارییەکانتان بهێنن و با بەناپاکەکانی نیشان بدەین جیهان چەند بچووکە''.