پەرلەمانی تورکیا
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا مەھەپە دەولەت باخچەلی لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ دیاربەکر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی گوتی: "کۆنفرانسی بەشکردنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بە پشتگیریی وەقفی ئاچک تۆپڵوم و چەندین دەستەو رێکخراوی بیانی لە ئەنقەرە بەسترا، بەردەوامی و تەواوکردنی لە ئەستۆی ئەردۆغانە لە دیاربەکر. ئەو سەردانەی ئەردۆغان زۆر مەترسیدارە. سەرۆکوەزیران پێشوازی لە نوێنەری یەکێک لە پارچەکانی کوردستانی گەورە بە گوتەی خۆیان کوردستانی باشوور، مەسعود بارزانی دەکات. ئەوە خۆی لە خۆیدا رێ بۆ کۆمەڵێ مەسەلەی دیکە دەکاتەوە. ئەردۆغان دەیەوێ ئومێد بە کوردستان بدات یان بەڵێنیان بداتێ؟ ئەردۆغان ئەگەر ئەمڕۆ پێی ئاسایی بێ بەرەو پیری مەسعود بارزانی بچێ، تۆبڵێی لە داھاتوودا سەردانی دڕندەکەی ئیمڕالیشی پێ ئاسایی نەبێ؟ دەیەوێ چی بە بارزانی بڵێ و چیی لێ ببیستێ؟ لادانی تابلۆی "خۆشی لەوەی دەڵێ تورکم" لەسەر پێشمەرگە دەکات؟ یان داھاتووی بەناو کوردستانی باشوور رێکدەخات و گرێبەستی رووخاندن و تێکدانی زیاتری لەگەڵ دەکات؟ یانیش متمانە تازە دەکاتەوە لەبارەی ئەو پرۆسەیە پڕ سوکایەتیەی کە دڕندەکەی ئیمرالی پێی وایە لەسەر سیراتە، یان دەیەوێ دەستخۆشیی لە PYD بکات بەبۆنەی دامەزراندنی سوپاکەی؟".
باخچەلی ھەروەھا گوتی: "لە ئێستاوە ئاشکرایە ئەو دیدارە بەشێکە لە پرۆسەی بەناو ئاشتی و چارەنووسەکە. جا بۆیە بەھیچ شێوەیەک پێویست ناکات سەرۆکوەزیر لە شاری دیاربەکر دیدار لەگەڵ پێشمەرگە بکات. ئەو دەبێ بەگوێرەی قورسایی ئەرکی سەرشانی ھەنگاو بنێ. ئەگەر ناشتوانێ ئەو ویستەی رابگڕێ، ئەوا کەس لاری نییە، با بچێتە شاری ھەولێر و لەگەڵ براکەی دەستبەکار بێ و نەگەڕێتەوە، بەوشێوەیە تورکیا رزگاری دەبێ لەو بەڵایەی تووشی بووە."