Tuğçenur Yılmaz,Zuhal Demirci,Rewa Mahmood Hasan
14 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو بوویە میوانی مێزی سەرنوسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە رۆژەڤی دایەوە.
چاوشئۆغڵو لەبارەی هێرشەکانی سەر کەشتییە نەوت گوێزەرەوەکان لە کەنداو رایگەیاند کە پێشهاتێکن مایەی نیگەرانین و گوتی، "بەڵام لەو بڕوایەداین کە سوودی نییە تاوانەکە بە پەلە بخرێتە ئەستۆی وڵاتێک. ئێمە لێرە ناڵێین کەس پاکە یان کێ تاوانبار. بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی شێلگیرانە ئەنجام بدرێت".
چاوشئۆغڵو بیری هەموولایەکی هێنایەوە کە پێشتر رووداوی هاوشێوە روویان داوە و ئاشکرای کرد دەبێت باش سەیربکرێت کە چی لە پشتیەوەیە.
چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە رووداوەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و روونکردەنەوەکەی پێشتری خۆیانی بیر هێنایەوە کە رایگەیاندبوو ئێران لەم بارەیەوە بەرپرسیار نییە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە دەبێت لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیەکی شێلگیرانە لە رووداوەکە ئەنجام بدرێت و گوتی، "دەبێ هۆکاری ئەمە بدۆزرێتەوە. بەپێچەوانەوە هەنگاوی هاوشێوەی ئەمانە، گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێرانەوە رایگەیاند میکانزیمی INSTEX دروست کراوە بەڵام هێشتا نەکەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و گوتی،" هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەوەی ئایا ئیمەش میکانیزمێکی هاوشێوە دروست بکەین یان داخڵ بە INSTEX دەبین. لەگەڵ ئێران و ئەوروپیەکانیشدا گفتوگۆ دەکەین.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە بەرێگەی سزادانەوە کێشەکە چارەسەر ناکرێت بەڵکو دەبێت تەنیا لەرێگەی دانوستانەوە بگەن بە چارەسەریی.
چاوشئۆغڵو دووپاتی کردەوە کە ئێران چەندین سەدەیە دراوسێی تورکیایە و رایگەیاند هەرچەندە تورکیا لەکەرتی تایبەتدا هەندێک ناڕەزایی هەیە بەڵام وەک دەوڵەت لەگەڵ ئێران بارزگانیی بەردەوامی پێ داوە.