ئەنقەرە
پەرلەمانتاری ئاک پارتی محەمەد مەتینەر رایگەیاند: کۆمسیۆنی ھەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد راپۆرتێکی زۆر گرنگ و باشی ئامادە کردووە.
محەمەد مەتینەر گوتی "ئەو راپۆرتەی لەلایەن کۆمسیۆنی چارەسەری پرسی کوردەوە ئامادە کراوە ئەمڕۆ پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەمیل چیچەک دەکرێ.
مەتینەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو راپۆرتە راپۆرتێکی زۆر گرنگ و باشە و بۆ ئامادەکردنی سەیری راپۆرتەکانی ساڵی ١٩٢٦تا ١٩٥٠ کراوە، بۆیە چوارچێوەیەکی زۆر گرنگ بۆ ئەو راپۆرتە ئامادە کراوە، سوود لە چەندین ئەزموونی جیھانیش وەرگیراوە، بۆ نموونە سوود لە ئەزموونی بەریتانیا و ئیسپانیا وەرگیراوە. بێجگە لەوانەیش لە تورکیا لەگەڵ چەندین کەس و لایەندا چاوپێکەوتنمان ساز کردووە.
سەبارەت بە چۆنێتیی دەستپێکردن و چارەسەرکردنی ئەو پرسە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەرفراوان ئەنجام دراوە، چەندین بیروڕا و پێشنیاری جیاجیا لە نێو ئەو راپۆرتەدا پێشکەش کراون، بۆیە راپۆرتێکی زۆر گرنگ و باشە.