Aylin Sırıklı,Ferdi Türkten,Mohammed Baqi Hussein
05 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2018
ئەنقەرە - AA
کاتژمێر ٥:٠٠ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی ناوخۆیی تورکیا، وادەی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە لایەن پارتە سیاسییەکانی تورکیاوە، کە بڕیارە ٢٤ی حوزەیران بەڕێوەبچێت، کۆتایی دێت.
فراکسیۆنی ئەو پارتە سیاسییانەی کە لە دوایین ھەڵبژاردنی گشتییدا لانی کەم لەسەدا ٥ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، یان لانی کەم ١٠٠ ھەزار دەنگیان ھێناوە، دەتوانن کاندیدیان ھەبێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار.
بەپێی ئەو رۆژژمێرەی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردن دایناوە، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەدوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت. لە یەکی ئایارەوە تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان دەستی پێکرد و ئەمڕۆش کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە کۆتایی دێت و بڕیارە تا حەوتی ئایار مۆڵەت بدرێت کەموکوڕی بەڵگەنامەی پێویست بۆ بەربژێرەکان تەواوبکرێت.
بریکاری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم و سەرۆکی گشتیی مەھەپە، دەوڵەت باخچەلی دوێنێ هەینی سەردانی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنیان کرد و ناوی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغانیان وەک کاندیدی ھاوبەشی ھەردوو پارتەکە تۆمارکرد.
ھەریەک لە جەھەپە کە موحەڕەم ئینجە و ھەدەپە کە سەلاحەدین دەمیرتاشی وەک کاندیدی پارتەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار راگەیاندووە، پێویستە ئەمڕۆ شەممە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەکاتی ناوخۆی تورکیا، پەیوەندی بە دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەوە بکەن.
بۆ ئەوەی ھەریەکێک لە بەربژێرەکان ناویان بچێتە لیستی بەربژێرە کاتییەکانەوە، پێویستیان بە واژووی ١٠٠ ھەزار دەنگدەرە و بڕیارە تا ٩ی ئایار رۆژانە لە ٨:٠٠ی بەیانی تا ٨:٠٠ی شەو واژووکان کۆبکرێتەوە.
دواتریش ١٠ی ئایار دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردن لیستی بەربژێرەکان کاتییەکان رادەگەیەنێت.
دوای ھەڵسەنگاندنی گازندەکان لە لیستی بەربژێرەکان کاتییەکان، ١٣ی ئایار لیستی کۆتایی بڵاودەکرێتەوە و قۆناغی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکات.