Alp Özden
08 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
بریكاری سه‌رۆكی فراكسیۆنی هه‌ده‌په له په‌رله‌مانی توركیا، حه‌قی ساروهان ئۆڵوج بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌نجامدانی ئوپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا ئارامی، ئاشتی و دیموكراسی بۆ ناوچه‌كه ناهێنێت و رایگه‌یاند "به هێزی سه‌ربازی، هێزی ناوچه دروست نابێت".
حه‌قی ساروهان ئۆڵوج له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له په‌رله‌مانی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه لێدوان و پێشهاته‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن کە له‌وانه‌یه له‌هه‌ر چركه‌ساتێكدا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆسه‌ر باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌ست پێ بكات.
بریكاری سه‌رۆكی فراكسیۆنی هه‌ده‌په له په‌رله‌مانی توركیا، حه‌قی ساروهان ئۆڵوج ئاماژه‌ی بهوەیشدا كه دامه‌زراندن و به‌هێزكردنی سیسته‌مێكی دیموكراسی له سووریا و عێراق به‌هێزی سه‌ربازی نابێت، به‌ڵكو پێویستی به هه‌نگاونانه به دانوستان و گفتوگۆ و گوتی: "ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا ئارامی، ئاشتی و دیموكراسی بۆ ناوچه‌كه ناهێنێت. به هێزی سه‌ربازی هێزی ناوچه دروست نابێت. ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نییه. به‌ڵكو به بنه‌ماگرتنی چاره‌سه‌ری سیاسی، دیموكراسی، مافه‌كانی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا؛ پاراستنی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و دیموكراسی دێته دی".
حه‌قی ساروهان ئۆڵوج به پێویستی زانی بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا سیسته‌مێكی دیموكراسی بونیات بندرێت و گوتی: "یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا به ناوچه‌ی ئارام به‌دی نایه‌ت. بیرۆكه‌ی ناوچه‌ی ئارام له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاك یه‌كناگرێته‌وه. هه‌ڵمه‌ته‌كانی گۆڕانكاری دیمۆگرافیای پێكهاته‌كان له ناوچه‌ی هاوسێ ده‌بێته هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاژاوه، نه‌ك به‌دیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بۆ ئه‌و وڵاته".
بریكاری سه‌رۆكی فراكسیۆنی هه‌ده‌په له په‌رله‌مانی توركیا، حه‌قی ساروهان ئۆڵوج له‌باره‌ی لێدوانی ئه‌مریكاش كه رایگه‌یاندبوو "به‌رپرسیارێتی دیله‌كانی داعش له ئه‌ستۆی توركیایه"، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه "(ئه‌مریكا به‌و لێدوانه) بۆمبێكی تهوقتیكراوی خسته باوه‌شی توركیا" و گوتی: "ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌و شتانه‌وه سه‌رهه‌ڵ ده‌دات بۆ توركیا نائارامییه‌كی گه‌وره‌ی ناوخۆی لێده‌كه‌وێته‌وه".
حه‌قی ساروهان ئۆڵوج له‌باره‌ی هاوپه‌یمانێتی ئاك پارتی و مهههپهیشهوه گوتی: "ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په-مه‌هه‌په هه‌وڵ ده‌دات به ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه‌ی سه‌ربازی ده‌سه‌ڵاته لهرزیوهكهیان پته‌و بكاته‌وه. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه ئۆپه‌راسیۆنێكی شه‌پۆلێكی نوێیه بۆ پته‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په-مه‌هه‌په".