Mazın Asad
01 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "ھەرچەندە لە میانی دەستپێکردنی لووتکەی سۆچی کەمێک کێشە و کەموکوڕی ھەبوو، بەڵام لە ھەموو رووێکەوە لووتکەیەکی سەرکەوتوو بوو".
مەولود چاوشئۆغڵو لە بەردەم بارەگای گشتی ئاک پارتی لە ئەنقەرە، لێدوانێکی بۆ رۆژنامەوانان دا، هەروەها وەڵامی ژمارەیەک پرسیاریشی دایەوە.
لەبارەی کۆنگرەی سۆچی، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند بە ھەماھەنگی لەگەڵ رووسیا توانیان دەرفەتی بەشداریکردنی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ستافان دی میستورا بۆ لووتکەی سۆچی بڕەخسێنن و لووتکەکەش بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە بە ھۆی لۆگۆ و وێنەی ئاڵای رژێمی سووریا، ئۆپۆزسیۆن بەشداری لە لوتکەکە نەکرد و دەسەڵاتی خۆیان رادەستی تورکیا وەک وڵاتێکی گەرەنتیکار و راشیگەیاند دانوستانیان لەسەر ژمارەیەک کێشەی بچووک کرد و توانیان چارەسەری بکەن و رێگەچارەیەک بدۆزینەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەسەر گرنگی راگەیەنراوی کۆتایی لووتکەکە کرد و گوتی: "وەک تورکیا داواکارییەکانمان خستە نێو راگەیەنراوەکە. ئاماژەکردن بە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و قۆناغی جنێڤ گرنگە. ھەموو کاتێک گوتوومانە: پێویستە قۆناغی ئاستانا و سۆچی لەگەڵ جنێڤ بەیەکەوە ببەسترێتەوە. ١٥٠ ناومان بۆ کۆمسیۆنی دەستوور دیاری کرد. سێ وڵاتی گەرەنتیکار ھەر یەکە ٥٠ ناوی پێشکەش کرد. ئێمەش بە ناوی ئۆپۆزسیۆن ناوەکانمان پێشکەش کرد. ستافان دی میستورا لەنێو ئەو١٥٠ کەسە کۆمسیۆنی دەستوور پێکدەھێنێت. کۆمسیۆنی دەستوور لە جنێڤ کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکانی داھاتووش لە جنێڤ ئەنجام دەدرێت. پێویستە دووبارە جنێڤ زیندوو بکەینەوە و بە تایبەتیش پێویستە بە شێوەیەکی راستەقینە لە جنێڤ دەست بە دانوستانەکان لەبارەی دەستووری رژێم، ھەڵبژاردن و قۆناغی راگوزەری سیاسی بکرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیشی کردەوە کە تاکو ئەمڕۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەسەر ئەو بابەتانە دیدی خۆی خستووەتەڕوو و راشیگەیاند ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە شێوەیەکی کراوە لۆجیکی خۆی بۆ ئایندەی سووریا بڵاوکردووەتەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد کە رژێمی سووریا تاکو ئێستا نزیکی دانوستان و وتوێژ لەبارەی ئەو بابەتانە نەبووەتەوە و گوتیشی: "ھەرچەندە لە میانی دەستپێکردنی لووتکەی سۆچی کەمێک کێشە و کەموکوڕی ھەبوو، بەڵام لە ھەموو رووێکەوە لووتکەیەکی سەرکەوتوو بوو".