Ekrem Payan
29 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2020
شرنەخ - AA
مەنیجە ئەنجو کە ئافرەتێکی تەمەن ١٢٠ ساڵانە و لە گوندی ئۆرتاباخ لە شارۆچکەی ئولودەرە سەربە شرنەخ دەژی، بەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا سەرکەوت.
مەنیجە ئەنجو کە دایکی ١٢ منداڵ و زیاتر لە ١٠٠ نەوەی هەیە، ١٥ رۆژ پێش ئێستا دوای ئەوەی لەلایەن تیمی گەڕۆکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگاوە پشکنینی بۆکراو دەرکەوت تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بووە، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و خرایە ژێر چارەسەرەوە.
دوای ١٥ رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر، مەنیجە ئەنجو پەتاکەی تێپەڕاند و چاکبووەوە و بە جەپڵەرێزانی کارمەندانی نەخۆشخانەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و نەخۆشخانەی جێهێشت.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، مەنیجە ئەنجە دڵخۆشی خۆی نیشان دا بە تێپەڕاندنی پەتاکە و گوتی: ''خوا لە پزیشک و پەرستارەکانمان رازی بێت. زۆر باش خزمەتیان کردم. حەقیان زۆر بەسەرمەوە هەیە. خوا بیانپارێزێت و هاوکاریان بێت. زۆر ماندووبوون، گرنگیی زۆریان پێدام. من لێیان رازیم خواش لێیان رازی بێت''.
حەلیمە ئەنجو-ی ٦٥ ساڵان کە بووکی مەنیجە ئەنجوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ١٥ رۆژ پێش ئێستا هاتوونەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەری خەسووی و گوتی: ''خەسووم بە گشتیی خواردنی سروشتیی دەخوات. بە چاودێرییەکی زۆر باش چاکبووەوە. خوا لە هەموو ئەو پزیشک و پەرستارانە رازی بێت کە هەوڵیان لەگەڵ دا''.
پرۆفیسۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ، د. بیلیم کەهیا ئاکجان کە لە نەخۆشخانەی پەتاکە کاردەکات، باسی لەوە کرد پێش دوو هەفتە مەنیجە ئەنجو بەهۆی هانەسە تەنگیەوە پەیوەندی پێوەکردوون و ئەوانیش تیمی گەڕۆکیان بۆ ناردووە و پشکنینی بۆ کراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
د. بیلیم کەهیا ئاکجان باسی لەوە کرد کە نەخۆشە ١٢٠ ساڵانەکە وەڵامی ئەرێنی بوو بۆ چارەسەر، نەخۆشخانەی جێهێشت، بەڵام پێمان گوت دەبێت لەمەودوا باشتر ئاگای لەخۆی بێت.
د. بیلیم کەهیا ئاکجان هیوای ژیانێکی تەندروستی بۆ مەنیجە ئەنجو خواست و گوتی: ''زۆر دڵخۆشین بە چاکبوونەوەی نەخۆشەکەمان. سوپاسی کارمەندانی تەندروستی دەکەم بۆ هەوڵەکانیان''.
د. بیلیم کەهیا ئاکجان هەروەها هۆشداریدا لەبارەی دەمامک، دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی و پاکوخاوێنی بۆ پۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.
د. ئۆغوزهان ئۆزەلماسەر، جێگری سەرۆکی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی شرنەخ کە نەخۆشخانەکەیان بۆ چارەسەری تووشبووانی پەتای کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت، باسی لەوە کرد کە لە رێگەی ١٢٠ یەکەی خزمەتگوزاری و ٤٠ یەکەی چاودێری وردەوە خزمەت پێشکەش دەکەن.
د. ئۆغوزهان ئۆزەلماسەر ئەوەشی خستەڕوو کە بەدرێژایی ماوەی پەتاکە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ نەخۆشیان چارەسەر کردووە و دوای چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
گوتیشی: ''پابەندبوون بە رێنماییەکان گرنگە. خوازیاری بینینی هاووڵاتییانمانین لە دەرەوە نەک لە نەخۆشخانە. هیوای تەندروستی باش بۆ مەنیجە ئەنجو دەخوازم''.
