Mazın Asad
10 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2018
ئیدلب/ئەنقەرە - AA
کاروانێکی سوپای تورکیا بە مەبەستی دانانی خاڵێکی نوێی چاودێری بۆ ئاگربەست لە ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب، گەیشتە ناوچەکە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئیدلب دەستی کەوتووە، کاروانەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە سنووری تورکیا-سووریا تێپەڕ بووە و بەرەو خاڵی باشووری ئیدلب-عەفرین بەڕێکەوتبوو.
دواتر کاروانەکە لە شارەدێی تەل توقان سەر بە شارۆچکەی ئەبو زھوور باشووری رۆژھەڵاتی ناوچەکانی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب جێگیر کراوە.
لە دووری نزیکەی شەش کلیۆمەتر لەو شوێنەی کاروانەکەی تیادا جێگیر کراوە، چەکدارانی سوپای رژێمی بەشار ئەسەد و گرووپەکانی لایەنگری ئێران ھەیە.
خاڵی چاودێری نوێ نزیکەی ٥٠ کلیۆمەتر لە سنووری تورکیا-سووریا دوورە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە سەربازییەکان دەست کەوتوون، لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئاستانا، ئامانجی کاروانەکە، دانانی شەشەمین خاڵی چاودێرییە لە ناوچەکەدا.
لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتننامەیەی کە لە نێوان تورکیا، رووسیا و ئێران لە کۆبوونەوەکانی ئاستانادا کراوە، سوپای تورکیا لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بە مەبەستی چاودێریکردنی ئاگربەستی رژێمی سووریا لە ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب، دەستی بە دانانی خاڵی چاودێری کردبوو.
بەپێی رێککەوتننامەکە، سوپای تورکیا ھەنگاو بە هەنگاو لە ١٢ ناوچە، خاڵی چاودێری لە باکوورەوە تا باشووری ئیدلب دادەنێت.
چاوەڕوان دەکرێت دوای دەستپێکردنی ئەرکی چاودێری سوپای تورکیا لە ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب، ھێزەکانی رووسیا لە بەشی دەرەوەی ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب و رژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆنی سووریاش لە ھێڵی گۆڕەپانەکەدا، جێگیر بکرێن.