Abdulhameed Husseın Karam
25 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2025
ھەولێر- AA
ئەمرۆ کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێم، ئەرمان تۆپچو و شاندێکی یاوەری سەردانی ئیدارەی زاخۆ و دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل و خابوریان کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوھدار شێخۆ پێشوازیان لێکرا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوھدار شێخۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لەگەڵ بەرێز کونسوڵی گشتیی تورکیا سەردانی دەروازەی ئیبراھیم خەلیل و خابورمان کردەوە و تاوتۆی پرسە بازرگانی و کلتوورییەکانی نێوان ھەرێم و تورکیامان کردووە.
گوھدار شێخۆ گوتی: "ھەم بازرگانانی ھەرێمی کوردستان و ھەمیش بازرگانانی تورکیا زۆر بە باشی کارەکانیان دەکەن و پەیوەندیەکانیان زۆر باشن و ھیوادارین لە داھاتوودا ڕۆژانی باشترمان ھەبێت و بەردەوامیش دەبین لە باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی تورکیا".
باسی لەوەش کردەوە کە تاوتۆی ھەندی کێشەی بازرگانی نێوان دەروازەکان کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەکرێن.
لە بارەی پرۆژی رێگەی گەشەپێدان گوتی: "ئەمە بۆ تورکیا و ھەرێمی کوردستان وعێراق زۆر گرنگە و ئەم بابەتەش تاوتوێ کراوە و لە ئێستادا ھەنگاوێکی نوێ نییە بەڵام ئیشاللە لە ئاییندەدا بۆ ھەموو لایەک باش دەبێت".
لە کۆتاییدا گوتی: "خۆشحالین بە کارکردنی کومپانیاکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و دەرگای ئێمە کراوەیە بۆ ھەموو کومپانیاکانیان و ئەوان دەتوانن بێنەوە ھەرێم وەبەرھێنان بکەن".
کونسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەرێم، ئەرمان تۆپچو لەبارەی سەردانەکەی رایگەیاند: "دەروازەکانی سنووری خابور و ئیبراھیم خەلیل بۆ ھەموو لایەک زۆر گرنگن و ھەربۆیەش بە پێویستی دەزانین بەردەوام دەستێکی ئێمە بۆ یارمەتی لە خابور بێت".
ئەرمان تۆپچو ڕایگەیاند سەردانی ئەم دەروازە سنووریەمان کردووە و لەگەڵ پارێزگاری شرنەخ، بیرۆل ئێکیچی لە دیوی خابور و بەڕێوەبەری گومرگ لە دیوی ئیبراھیم خەلیل، حەمید عەلی کۆبووینەتەوە، و گوتی: "لە ئێستادا ڕێکارە گومرگییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر گرنگترین پرسن لە بەرنامەی کاردا و ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردنی دۆستانەیە چونکە ئەگەری ھەیە کاریگەری نەرێنی ھەبێت لەسەر بازرگانی".
تۆپچو دووپاتی کردەوە لەکاتێکدا کە تاوتوێی پرۆژی گەشەپێدان دەکرێت، لە بەرژەوەندی ھەموولایەکدایە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەبێ ھیچ کێشەیەک بەردەوام بێت، ھەروەھا دەریخست کە تورکیا قسەی لەگەڵ ھەردوولایەنی بەغدا و ھەولێر کردووە و ھەوڵدەدات ھاوکار بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.