Heman Hussein Yaseen
01 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای و جێگری بەرپرسی نووسینگەی عێراقی سهرۆكایهتی ئاژانسی توركیا بۆ هاوكاری و ههماههنگی (TIKA)، بوراک یورداکول بە مەبەستی ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر، سەردانی پەرستگای لالش-یان کرد و لەگەڵ پیاوانی ئایینی ئێزدی کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، کۆنسولی گشتیی تورکیا و شاندی تیکا سەردانی چەند شوێنێکی پەرستگای لالش-یان کرد و پرسی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکیان لە لالش تاوتوێ کرد.
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای لەبارەی سەردانەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ سەردانی لالش-مان کرد کە شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانە، بەمەبەستی ھەماھەنگی لەگەڵیان بۆ یارمەتیدانیان، ھیوادارین لە رۆژانی داھاتوودا بە لەبەرچاوگرتنی خواستی ئێزدییەکان ئەوەی پێویست بێت بۆیارمەتیدانیان ئەنجامی بدەین".
دواتر جێگری بەرپرسی نووسینگەی عێراقی سهرۆكایهتی ئاژانسی توركیا بۆ هاوكاری و ههماههنگی (TIKA)، بوراک یورداکول گوتی: "مەبەستمان ئەوە بوو کە لە نزیکەوە قسە لەگەڵ برایانی ئێزدی بکەین بۆ ئەو ھاوکارییانەی کە پێویستییانە. لە دیدارەکانیاندا قسە لەبارەی بەھێزکردنی توانای بەرھەمە خۆماڵییەکانی ئەو برایانەمان کرد کە چۆن بتوانین یارمەتیدەرییان بین، بەو ئاراستەیە کار دەکەین کە بە بەردەوامی ھاتوچۆی ئەو ناوچەیە بکەین، بەو ھیوایەی برایانی ئێزدی رێگای گەڕانەوەیان بۆ شنگال بۆ فەراهەم بکرێت و لەوێ بتوانین بەردەوامی بە پڕۆژەکان بدەین".
بریکاری مێری ئێزدی لە لالش، میر جەھوەر عەلی بەگ لەبارەی سەردانەکەی شاندی تورکیا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر بەردەوام سەردانی ئێمە دەکات و پێش ماوەیەکیش ھاوکاری ھەزار و ٥٠٠ خێزانی ئێزدی کرد".
میر جەھوەر عەلی بەگ گوتیشی: "تورکیا بۆ ئێمە دەوڵەتێکی گرنگە و سوپاسیان دەکەین کە ژمارەیەک پڕۆژە بۆ ئێمە جێبەجێ بکەن و ھاوکاری ئاوارەکان بکەن".