Zana Natık Kerem
23 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2023
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان ڕایگەیاند کە بەپێی دەستوور، عێراق ڕێگە بە بوونی ھیچ گرووپێکی چەکدار نادات لەسەر خاکەکەی بێت و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک لە خاکەکەیەوە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ ڕەتدەکاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی کردووە لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان و شاندی یاوەری.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا دوایین پێشھاتەکانی ڕەوشی ھەرێمی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کردووە، ھەروەھا گفتوگۆیان کردووە لە بارەی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بواری ئابوورییدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆسیەی ئاو کراوە و لەوبارەیەوە جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ڕێگا چارەیەک بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی عێراق لە قەیرانی وشکەساڵی ڕزگاریی بێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەوەیش خراوەتەڕوو، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری لە میانی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەریاندووە کە بەپێی دەستوور، عێراق ڕێگە بە بوونی ھیچ گرووپێکی چەکدار نادات لەسەر خاکەکەی بێت و جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک لە خاکەکەیەوە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ ڕەتدەکاتەوە.