Zana Natık Kerem
17 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق راگەیاند کە بەشێوەیەکی بەرچاو، تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق زیادی کردووە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق ھەوڵەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گوتی: "لەئێستادا، بەشێوەیەکی بەرچاو، تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق زیادی کردووە".
سەیف بەدر گوتیشی: "راسپاردەکانی خۆمان تایبەت بە قۆناغی داھاتووی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەش بە لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی کردووە".
داواشی لە ھاووڵاتییان کرد کە زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی بە تایبەتیش لە بەستنی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
ئەمەیش لە کاتێدایە تا ئێستا یەک ملیۆن و ٤٧٤ ھەزار و ٨٦٥ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەو ژمارەیەش ١٧ ھەزار و ٧٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و ٣٤٠ ھەزار و ٣٨٣ کەسیش چاکبوونەتەوە لە بەرامبەردا تا ئێستا، یەک ملیۆن ١٢٤ھەزار و ٥٩٤ کەس لە عێراق، ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.