لە ئەنجامی ھێرشێی چەکداریی لە وێستگەیەکی مێترۆی ناوچەی بروکڵین سەربە نیویۆرک لە ئەمریکا، ١٦ کەس برینداربوون کە ١٠یان بەھۆی چەکەوە بووە.
بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی ویلایەتەکە، ھێرشە چەکدارییەکە بەیانی ئەمڕۆ روویداوە.
لەو دیمەنانەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک سەرنیشنی بریندار لە وێستگەی مێترۆکە، دەبینرێن.
ھاوکات پۆلیسی ھۆشداریی داوە لەوەی ھاووڵاتییان لە شوێنەکە دووربکەنەوە و بەھۆی ھێرشەکەشەوە گەشتەکانی مێترۆ دواکەوتوون.
لە لێدوانیاندا بۆ میدیاکاران لەبارەی ھێرشەکەوە، پۆلیسی نیویۆرک (NYPD)، فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوە (NYFD) و فەرمانڕەوای نیویۆرک، کاسی کۆچوڵ، باسیان لەوە کرد بەپێی بەڵگە سەرەتاییەکان رووداوەکە تیرۆریستیی نەبووە.
کاربەدەستان باسیان لەوەش کردووە لەو رووداوەدا کە بەیانی ئەمڕۆ لە وێستگەیەکی مێترۆ لە ناوچەی بروکڵین روویداوە، ١٦ کەس برینداربوون کە ١٠یان بەھۆی چەکەوە بووە، و برینداران بەمەبەستی چارەسەرکردن بۆ دوو لە نزیکترین نەخۆشخانەکانی ناوچەکە گوزراونەتەوە و ژمارەیەکیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
لای خۆیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی نیویۆرک، کیچانت سیوڵ، ئاماژەی بەوە کرد بەڵگەیان لەبەردەستدا نییە کە بتوانن بڵێن رووداوەکە تیرۆریستیی بووە و گومانلێراوەکەش کەسێکی رەشپێست بووە کە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی تەقەی بە دەوروبەردا کردووە.
گوتیشی: "ھێرشی دیکەی چەکدارییمان ناوێت. وەرز بووین لەوەی مانشێتی پەیوەست بەم جۆرە تاوانانە بخوێنینەوە".
- پۆلیس: "ماددەی چالاکی تەقینەوە لە شوێنەکەدا نییە"
پۆلیسی نیویۆرک دواتر زانیارییەکانی نوێکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئامێری چالاکی تەقینەوە لە شوێنی رووداوەکە نییە بەڵام لێکۆڵینەوەکان درێژەیان ھەیە.
لای خۆیشییەوە فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی نیویۆرک بڵاوی کردەوە، لانیکەم پێنج کەس بە دەستڕێژیان لێکراوە و کۆی گشتیی ١٣ کەس برینداربوون.
ھەروەھا پۆلیس داوای کردووە، ئەو شایەتحاڵانەی زانیارییان ھەیە پەیوەندییان پێوە بکەن و ھۆشدارییشی داوەتە دانیشتوان لە شەقامی ٣٦ھەمینی سەنسێت پارک و وێستگەی شەقامی چوارەم کە ھێرشەکە تێیدا روویداوە، دوور بکەونەوە.
لای خۆیەوە گوتەبێژێکی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک، ئێریک ئادەمز، ھۆشداریی لەبارەی دۆخی ئەمنیی داوە و داوای لە سەرنشینان و دانیشتوان کردووە لە شوێنی رووداوەکە نزیک نەبنەوە.
بریندارەکان بۆ ھەریەک لە نەخۆشخانەکانی لانگۆن بروکڵین و مێسۆدیست لە ناوچەکە گوازراونەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکرێت کە پۆلیسی نیویۆرک بەدوای گومانلێکراوێکدا دەگەڕێت کە ھێلەکێکی پرتەقاڵی بیناسازیی لەبەردایە و دەمامکی گازی بەستووە.
- زانیاریی دراوەتە بایدن لەبارەی رووداوەکە
لای خۆیەوە گوتەبێژی کۆشکی سپی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ھێرشە چەکدارییەکەی مێترۆی بروکڵین راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە زانیاریی لەبارەی رووداوەکە دراوەتە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و ئەگەر پێویستی کرد ھاوکاریی پێشکەش بکەن، ئەوا پەیوندیی بە سەرۆکی شارەوانی و پۆلیسی نیویۆرکەوە دەکەن.