Zana Natık Kerem
06 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2019
عەممان ــ AA
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیھان کە لە ناوچەی دەریای مردوو لە رۆژئاوای ئوردن بەڕێوەدەچێت، سەردانی کەمپی "بوقعە"ی کرد کە تایبەتە بە پەنابەرانی فەڵەستینی.
ئاژانسی بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی ناسراو بە "UNRWA" لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کەمپەکە، چاوی بە کارمەندانی ئاژانسەکە و نوێنەرانی کەمپەکە کەوتووە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە میانی بەسەرکردنەوەی یەکێک لە قوتابخانەکانی کەمپە جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پشتیوانیی دارایی بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە کردەوە کە ئاژانسی "UNRWA" پێشکەشی بە پەنابەرانی فەڵەستینی دەکات لە کەناری رۆژئاوا، قودسی رۆژھەڵات، غەززە، ئوردن، لوبنان و سووریا.
کەمپی "بوقعە" دەکەوێتە باکووری شاری عەممان پایتەختی ئوردن کە ١٢٠ ھەزار پەنابەری فەڵەستینی تیادا نیشتەجێن.