Ahmet Dursun
08 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی لەگەڵ سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا چارلس میشێل، دۆخی ئەفغانستانیان تاوتوێ کرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرکۆمار رەئیسی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا، چارلس میشێل ئەنجامداوە.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، تاوتوێی پێشھاتەکانی ئەفغانستان، جێبەجێ کردنی تەواوەتیی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەورووپا و ئێران، کراون.
ئیبراھیم رەئیسی، ئاماژەى بەوە کرد کە دەبێت حکوومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان پێکبھێندرێت و گوتی: "بۆ ئەوەی حکوومەتێک پێکبھێندرێت کە بتوانێت ئاشتی، ئاسایش و گەشەپێدان بۆ وڵاتەکە بھێنێت و لەلایەکی دیکەوە حکوومەتێک بێت کە خەڵکی ئەفغانستان متمانەی پێ بکات، دەبێت ھەموو وڵاتان بۆ بەدىهێنانى ئەمە لەگەڵ یەک ھاوکاربن".
سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە داگیرکاریی ٢٠ ساڵەی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە ئەوەی سەلماند کە چارەسەری کێشەکانی ئەم وڵاتە لە رێگەی سەربازییەوە ناکرێت و گوتی: "رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و منداڵان، جیددیترین نیگەرانییەکانی ئێرانە لە ئەفغانستان. ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵکی ئەفغانستان بە باشترین شێواز دەیکەین".
رەئیسی جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕێی ئەوە لە یەکێتی ئەورووپا دەکەن بە تایبەتی لە رێککەوتنی ئەتۆمی و پەیوەندییەکاندا لەگەڵ ئێران دوور لە ئەمریکا بجوڵێنەوە و راشیگەیاند ئەوەی کە پێشێلکاری لە رێککەوتی ئەتۆمی دەکات ئێران نییە بەڵکو ئەمریکایە و یەکێتی ئەورووپا بەرپرسیارێتییەکانی لە بەرامبەر ئەمەدا بەجێ نەگەیاندووە.
- "یەکێتی ئەورووپا دەیەوێت ئێران وەکو ھاوبەشێکی نزیک بمێنێتەوە"
لای خۆیەوە سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا، چارلس میشێل، ئاماژەی بەوە کرد کە سوورە لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەورووپا و ئێران و قوڵکردنەوەی ھەماھەنگی ئابووری نێوانيان.
چارلس میشێل گوتی: "سزاکان بە نەرێنی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەورووپا و ئێران کردووە".
سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا گوتیشی: "پشتیوانێکی بەھێزی ئەو بیرۆکەیەم کە دەبێت یەکێتی ئەورووپا، پێش ھەموو شتێک بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت. یەکێتی ئەورووپا، بۆ ئەوەی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا ببینێت، دەیەوێت ئێران وەکو ھاوبەشێکی نزیکى بمێنێتەوە".
چارلس ميشێل لە بارەى دۆخى ئەفغانستان لە دواى داگيركردنى لەلایەن ئەمريكا گوتى: "لەو بڕوايەدام دەبێت وانەيەكى زۆر لە مانەوەى ٢٠ ساڵەى ناتۆ و ئەمريكا لە ئەفغانستان فێرببين".