Ramal Mahmood
30 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
ئیدب - AA
لەئاکامی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە بۆمبی هێشوویی بۆسەر شاری ئیدلب و شارۆچکە و شارەدێیەکانی دەوروبەری، ٢٠ هاووڵاتیی سڤیل کوژران و ٢٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.
کاربەدەستێکی بەرگری شارستانی لە حەلەب بەناوی لەیس ئەلفارس لەلێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەئاکامی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا بە بۆمبی هێشوویی بۆسەر ناوچە سڤیلنشینەکان، حەوت کەس لە ئیدلب، هەشت کەس لە شارەدێی جارجاناس و پێنج هاووڵاتی دیکەش لە شارۆچکەی خان شەیخون گیانیان لەدەستدا و ٢٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ناوبراو گوتیشی: "دوای بۆردومانکردنی شارەدێی جارجاناس لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی تەرمی زۆر منداڵیان لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان دەرهێناوە. لەهێرشەکەدا زیانێکی زۆر بە تەلارێکی پێنج نهۆمی گەیشتووە. تیمەکان دەستیان کردووە بە پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەی خانووە رووخاوەکان".
فارس ئاماژەی بەوەشدا کە بریندارانی شارەدێی جارجاناز گەیەنراونەتە نەخۆشخانە گەڕۆکەکان و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن. ئەوەشی خستەڕوو لە ئاکامی ئەو هێرشەدا زیانێکی زۆر بەر شاری ئیدلب و شارۆچکەی خان شەیخون گەیشتووە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و گوێزەرەوە لەکار کەوتوون.