Muhammet Kurşun
25 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2022
تاران - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، ئەوەی راگەیاند کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا، ئەوە دەتوانن لەگەڵ ئەمریکا کۆببنەوە.
عەبدوڵڵاھیان، لەمیانی گوتارێکیدا لە کۆنفرانسی ئێران و دراوسێکانی کە لەلایەن سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی سیاسیی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تاران-ی پایتەخت بەڕێوەچوو، ھەڵسەنگاندنی بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا، کرد.
عەبدوڵڵاھیان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستانی راستەخۆ پەیامی لە رێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ ئێران ناردووە و گوتی: "ئەگەر گەیشتینە خاڵێک کە زانیمان لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنێکی باش و زەمانەتێکی بەرز لە پرۆسەی دانوستانەکان بەدەستدەھێنین، ئەوە پشتگوێی ناخەین".
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا نزیکبوونەتەوە لەو خاڵەی کە پێویست بە دەرکردنی بڕیاری گرنگ دەکات و لەبەر ئەم ھۆیە بە بەشداریی فراوان کۆبوونەوەی دوورودرێژ ئەنجامدەدن.