Sangar Hamad Azeez
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2016
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای رووسیا و تایبەت بە هێرشی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەرابەرایەتی ئەمریکا بۆ سەر رژێمی ئەسەد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی میدیاکاران کاتژمێرێکی خایاند و دواتر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سامانسا پاوەر رایگەیاند: "لێکۆلینەوە سەبارەت بەهێرشی ئەمریکا دەکەین بۆ سەر رژێمی ئەسەد. ئەگەر بێت و ئەمە پشتراستبکرێتەوە ئەوا مەبەستمان لێدانی رژێمەکەی ئەسەد نەبووە، بە دڵنیایەوە خەمبارین بەهۆی گیانلەدەستدانی هەرکەسێک لەرووداوەکەدا".
سامانسا پاوەر رەخنەی لە رووسیا گرت کە داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە کۆبوونەوەی بە پەلە ئەنجامبدەن و گوتی: "رووسیا ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆکردووەتەوە و بە رەوشتەوە یارییەک دەکات، ئەو یارییە تەنانەت بەگوێرەی پێوەرەکانی رووسیاش یارییەکی قێزەونە و دووڕووییە".
پاوەر جەختی لەوەکردەوە کە رژێمی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام دژی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەجەنگێت، کۆمەڵکوژیان دەکات و چەکی کیمیاویی لە دژیان بەکاردەهێنێت و گوتی: "هەموو ئەو رووداوانە روویانداوە رووسیا بچوکترین کاردانەوەی نەنواند بەڵام شەوی شەممە بەپەلە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانی کۆکردەوە".
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند: "ماوەی ساڵێکە رووسیا پشتیوانیی رژێمی ئەسەد دەکات و شانبەشانی ئەو رژێمە، نەخۆشخانە، قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان بۆردوومان دەکات و هاووڵاتیانی سڤیل کۆمەڵکوژ دەکات، رووسیا تەنانەت ئەوەی دەبوو ئەنجامیبدا لەچوارچێوەی راگرتنی شەری ناوخۆی سووریا ئەنجامینەداوە و و رژێمی ئەسەد بەردەوامە لە پەلاماردانی هاووڵاتییان، بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبوو پەلامارەکان رابگیرێن".
لە بەرامبەردا نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤیتاڵی چورکین ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕی ناوخۆی سووریا و گوتی ئەمریکا پشتیوانیی داعش دەکات لە سووریا.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ''ئایا لە واشنتۆن دەسەڵاتی بڕیاردان لای پێنتاگۆنە یاخود کۆشکی سپی؟''، ڤیتاڵی چورکین گوتی: "لە ئەمریکا روونکردنەوەی جیاجیا دەدرێت".
چورکین تیشکی خستەسەر ئەوەی رژێمی ئەسەد بەپێی پێویست رێگە بە هاوکارییە مرۆییەکان دەدات و گوتی: "چاوەڕوان دەکەین سبەینێ یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی بگاتە سووریا".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ''ئایا رێککەوتنی نێوان رووسیا و ئەمریکا هەڵوەشاوەتەوە؟'' نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "پێویستە ئەمریکا هەوڵبدات رازیمان بکات بەوەی بەجدی دەیەوێت کێشەکانی سووریا لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەربکات".
ئاشکراشیکرد سامانسا پاوەر درەنگ هاتووەتە نێو کۆبوونەوەکان و ئەمیش ئامادە نەبووە گوێی لێبگرێت و گوتی: "بۆیە کاتێک پاوەر قسەیدەکرد من هۆڵەکەم جێهێشت".
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەرابەرایەتی ئەمریکا لە دێرازوور بۆردومانی بنکەیەکی سەربازیی رژێمی ئەسەدیان کرد و بەهۆیەوە ٦٢ سەرباز کوژران و زیاتر لە ١٠٠ی دیکەش برینداربوون.
لای خۆییەوە حکوومەتی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و سەباەرەت بە بابەتەکەش رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا سازدەکەن.