Zein Khalil
18 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2024
قودس ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بینامین ناتانیاھو بە ئامانجی ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بە شێوەیەکی مەیدانی، سەردانی ناوچەی "جەبەل شێخ"ی داگیرکراوی کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەداوە کە بنیامین ناتانیاھو بە یاوەری ھەریەک لە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز و سەرۆک ئەرکانی سوپا، ھێرزی ھالێڤی و فەرماندەی فەرماندەیی باکوور، ئوری گۆردین و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل "شاباک"، رۆنین بار لە بەرزاییەکانی "جەبەل شێخ" لەسەر سنووری سووریا ھەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ناوچەکە کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێداچوونەوەی بە ئامادەکارییەکانی ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کردووە.
ھاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا گوتوویەتی: "ئێمە لێرەین (جەبەل شێخ) بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە و بڕیاردان لەسەر ئامادەیی ئیسرائیل لەم شوێنە گرنگەدا، تا ئەو کاتەی رێککەوتنێکی دیکە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل، دەکرێت".
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: "گرنگی ئەم ناوچەیە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا بایەخێکی زۆری ھەبووە، ئێمە باشترین ڕێوشوێن دیاری دەکەین کە ئاسایشی خۆمان دەستەبەر بکات".