Abdullah Shukur
14 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2019
برۆکسڵ - AA
لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە شاری برۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا بەڵێنی پێدانی حەوت ملیار دۆلار بۆ سووریا و پەناخوازان درا.
لە دوای کۆنفرانسی "سووریا و پشتیوانیکردن لە داھاتووی ناوچەکە" لە برۆکسڵ، ئەندامی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی قەیران و ھاوکاری مرۆیی سەر بە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، کریستۆس ستیلیانیدێس و جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرس لە کاروباری مرۆیی، مارک لۆوکۆک لێدوانیان بۆ رۆژنامەنووسان دا.
کریستۆس ستیلیانیدێس گوتی: "ئەم بەڵێن و کۆبوونەوانەی ئەمڕۆ ئەنجامدرا نیشاندەری ئەوەیە کە ئێمە بەردەوامین لە ھاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە ھاوکارییە. ئەو نوێنەرانی کە لێرەن، بەڵێنی پێدانی حەوت ملیار دۆلاریان دا، بە راگەیاندنی ئەمەش شانازی دەکەم".
لەلایەکی دیکەش، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرس لە کاروباری مرۆیی، مارک لۆوکۆک رایگەیاند کە ئەو زۆر خۆشحاڵە بەم ئەنجامە و راشیگەیاند کە ئەو ھاوکارییەی کراوە دەگەیەندرێتە ملیۆنان کەس.
ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە شاری برۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا بەڵێنی پێدانی حەوت ملیار دۆلار بۆ سووریا و پەناخوازان درابوو.