Dildar Baykan,Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2018
نیویۆرک - AA
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لە ژمارەیەک ستراتجییەتی گوماناوی باجەوە تێوەگلاوە و بانگەشەی ئەوەشیکردووە کە ناوبراو هاوکاری خانەوادەکەی کردووە لەوەی خۆی لە دانی ملیۆنەها دۆلار باج بدزێتەوە.
رۆژنامەکە بەدواداچوونێکی بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە، دۆناڵد ترەمپ هاوکاریی خانەوادەکەی کردووە لە خۆدزینەوە لە باج بە ملیۆنەها دۆلار.
لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکەدا، رۆژنامەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ راوێژکاران و کارمەندانی پێشوو کە لە لای باوکی ترەمپ، فرێد ترەمپ کاریانکردووە، ئەنجامداوە و جگە لەوەش لێکۆڵینەوەی لە ژمارەیەکی زۆر لە هەژمارە بانکییەکان، چاودێریی دارایی و وەسڵەکان کردووە کە بریتین لە سەد هەزار لاپەڕە و بۆ خانەوادەی ترەمپ دەگەڕێنەوە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دۆناڵد ترەمپ هاوکاریی باوکی کردووە بۆ ئەوەی بە بڕی ملیۆنەها دۆلار کەمکردنەوەی نایاسایی لە باجەکاندا دەست بخات.
لە بەدواداچوونەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە بە مەبەستی نەدانی باج لەو موڵکانەی کە لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە، ترەمپ کۆمپانیایەکی ساختەی دامەزراندووە و باس لەوەشکراوە کە بەو شێوەیە خۆی لە باج بە بڕی ملیۆنەها دۆلار دزیوەتەوە.
نیویۆرک تایمز باسی لەوەکردووە کە میراتیی فرێد ترەمپ بۆ منداڵەکانی زیاتر بووە لە یەک ملیار دۆلار و ئەو باجەی کە پێویست بووە لەو چوارچێوەیەدا بدرێت ٥٥٠ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام سەرەڕای ئەمە ترەمپ و براکانی تەنها ٥٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاریان لەو بڕە داوە.
بانگەشەی ئەوەشیکردووە ترەمپ نرخی ئەو موڵکانەی لە باوکییەوە بۆیان ماوەتەوە زۆر کەمتر نیشانداوە و بەوجۆرەش خۆی و براکانی باجی کەمتریان داوە لەوەی کە پێویست بووە بدەن.
رۆژنامەکە بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە لەبەرامبەردا فەرمانگەی باج لە ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو ستراتیجییانەدا کاردانەوەی لاوازبووە.