Dilşad Seyfeddin Ahmet
10 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2016
رێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكیكردن لە كرێكارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان لە ژێر دروشمی "دەبێت كرێكارانی بیانی وەك كرێكارانی كوردستان و عێراق بێ جیاوازی سوودمەند بن لەیاسای كار" كۆنفراسێكی رۆژنامەوانی تایبەت بە بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زیادكردنی باج لەسەر كرێكارانی بیانی لە هەرێم لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا.
سەرۆكی رێكخراوەكە محەمەد هەژار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بڕیارێكی هەستیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە 76 لە دووی شوباتی 2016ی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە سەبارەت بە زیادكردنی باج لەسەر كرێكارانی بیانی كە بەڕێژەی دوو هێندە باج بەرزكراوەتەوە ، ئەوەش بڕیارێكی ناشارەزایانە و خراپە و كۆسپ و لەمپەر دروستدەكات لە پێدانی كاتی مانەوە و گەڕانەوەیان، بەو بڕیارەش زۆرینەی كرێكارە بیانییەكانی نیشتەجێی هەرێم ناتوانن بگەڕێنەوە".
هەژار گوتی: "داوا دەكەین حكوومەت بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە، كە بەپێی ئەو بڕیارە ئەگەر كرێكارێك سێ مانگ ئیقامەكەی دوا بكەوێت لە 500 هەزارەوە سزاكەی زیاد كراوە بۆ یەك ملیۆن دینار و سزاكانی تریش بەهەمان شێوە بۆ دوو هێندە زیادی كردووە".
ئەو گوتيشی: "كرێكارانی بیانی لە هەرێم بەو بڕیارە ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەكانی خۆیان و پارەیەكی زۆریان لەسەر دەكەوێت بەجۆرێك تەنها یەك كرێكار لەم رۆژانەدا بۆ گەڕانەوەی سزای 14 ملیۆن دیناری لەسەر بووە و بەو هۆیەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە حكوومەت هەلێكی تری شەش مانگی بەو كرێكارانە بدات بۆ گەڕانەوە و زیادكردنی هەلی كار لەناوخۆدا".
سەرۆكی ئەو رێكخراوە ئاماژەی بەوەش كرد، لە ساڵی 2014 ەوەو دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان هاتنی كرێكارانی بیانی بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستان كەمی كردووە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە كۆنگرەكەدا خرانە روو، 130 كۆمپانیا كاری هێنانی كرێكارانی بیانی دەكەن بۆ هەرێمی كوردستان و ژمارەی ئەو كرێكارانە لە ئێستادا گەیشتووەتە 29 هەزار كەس لە هەردوو رەگەز كە لە شارە جیاجیاكانی هەرێمدا سەرقاڵی كاركردنن، لەو ژمارەیەش دە هەزار كەسیان بەشێوەیەكی یاسایی كارەكانیان بۆ كراوە و ئەوانی تر بەشێوەیەكی نایاسایی لە رێگەی وڵاتانی ترەوە هاتونەتە هەرێم و كێشەی مانەوەیان هەیە.
لە ساڵی 2015 ەوە زیاتر لە 600 كرێكار بەهۆكاری جیاواز گەڕێنراونەتەوە وڵاتەكانی خۆیان، لەماوەی ئەمساڵیشدا 18 كرێكاری بیانی لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستداوە.