Islam Doğru
02 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2022
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن پشتڕاستی کردەوە کە سەرکردەی باڵای رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، ئەیمەن زەواهیری لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئەفغانستان کوژراوە.
جۆ بایدن لە باخچەی کۆشکی سپی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، دیاریی کراوە کە زەواهیری لەگەڵ خێزانەکەی لە کابول خۆیان حەشارداوە و رۆژی یەکشەممە بە رەزامەندی ئەو (بایدن) بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدراوە و گوتی:
"زەواهیری لەناوبرا و ئیدی دڵنییان لەوەی جارێکی دیکە ئەفغانستان ناکرێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ تیرۆریستان".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە دا کە بەو ئۆپەراسیۆنەی بۆسەر زەواهیری ئەنجامدرا "دادپەروەریی" بەدی هاتووە و مافی ئەو کەسانەیان وەرگرتووەتەوە کە لە پەلامارەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١دا کوژرابوون.
گوتیشی: "ئەمشەو جارێکی دیکە روونی دەکەینەوە کە هەر چەند کات بخایەنێت لە هەر شوێنێک خۆت بشاریتەوە، ئەگەر هەڕەشە بیت بۆسەر گەلەکەمان، ئەمریکا دەتدۆزێتەوە و لەناوت دەبات".
جۆ بایدن ئۆپەراسیۆنی سەر زەواهیری بە "سەرکەوتوو" وەسف کرد، سوپاسی یەکە هەواڵگرییەکانی ئەمریکای کرد بەرامبەر بە "خۆڕاگری و لێهاتوویی"یان لەسەر ئەم پرسە.