AA
24 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2019
نیویۆرك ــ AA
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند "ناوچەكەمان بە رەوشێكی زۆر سەختدا تێپەڕدەبیت، ئۆمێدەوارین بتوانین لە نیویۆركەوە پەیامی ئاشتی بگەیەنین بە رای گشتی جیهان سەبارەت بە كۆتاییهێنان بەسەرجەم دەستوەردانەكان لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
حەسەن روحانی بە گەیشتنی بۆ نیویۆرك بە مەبەستی بەشداریكردن لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤هەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رۆژنامەوانان دوا.
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئاشكرایكرد كە لە میانی چوار رۆژی داهاتوودا لە نیویۆرك، دانوستانی گرنگ لەگەڵ ژمارەیەك سەرۆك و سەركردەی جیهان ساز دەكات و گوتی: "ناوچەكەمان بە رەوشێكی زۆر سەختدا تێپەڕدەبیت، ئۆمێدەوارین بتوانین لە نیویۆركەوە پەیامی ئاشتی بگەیەنین بە رای گشتی جیهان سەبارەت بە كۆتاییهێنان بەسەرجەم دەستوەردانەكان لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
حەسەن روحانی جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەكەی خوازیارە سەرجەم لایەنەكان پابەندبن بە بەڵێنەكانیان و یاسا نێودەوڵەتییەكان.
ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤هەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەدەچێت كە تیایدا ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ تایبەت بە ناوچەكە و جیهان دەخرێنە بەرباس و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.