Fayez Abdulsalam,Muhammed Emin Canik
18 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2023
بەیروت - AA
حەماس بلاویکردەوە هەتا ئیسرائیل لە کەرتی غەززە نەکشێتەوە و ئاگربەستێکی گشتگیر دەستەبەر نەکرێت، ناکرێت لەگەڵ ئیسرائیلدا باس لە ئاڵوگۆڕی دیل بکرێت.
بەرپرسی حەماس لە لوبنان، خەلیل حەی، ئاماژەی بەوە کرد دژ بە ئیسرائیل لە غەززە درێژە بە بەرگریی دەدەن.
لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی جەزیرە، خەلیل حەی ڕایگەیاند: "داوای ئاگربەستێکی گشتگیر و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلی داگیرکەر دەکەین لە غەززە، پاشان لەسەر پرسی دیلەکان گفتوگۆ دەکەین".
حەی باسی لە "ڕۆژی دواتر" کرد کە لایەنە ئیسرائیلییەکان بە ئاماژە کردن بە جەنگی غەززە و دوای حەماس بەکاری دەهێنن و ڕایگەیاند: "لە غەززە ڕۆژی دواتر سەرکەوتنمانە. هەر کەسێک بیر لە دوای حەماس بکاتەوە، خەیاڵ دەبینێت. هەتا پیرۆزییەکانمان و خاکەکەمان ڕزگار نەکەین، لە بەرگریی کردن لە گەلەکەمان ناکشێینەوە".
هەروەها حەی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حەماس لە توانایدایە بە درێژایی چەندین مانگ دژ بە ئیسرائیل لە غەززە بەرگریی بکات و، ڕایگەیاند: "بەرگریی لە دۆخێکی باشدایە و گەرەنتی دەدەین لە پێداگرییمان. گەلەکەمان هەرگیز ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بەرزناکاتەوە، لە خاکەکەیدا دەمێنێتەوە و پشتیوانی لە بەرگریی دەکات".
ڕاشیگەیاند: "غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا و هەموو فەڵەستین یەکە، گەلەکەمان بڕیار لەسەر ئیدارەدان (حکوومەت) دەدات. ئایندەی غەززە بەندە بە ئایندەی قودس و هەموو فەڵەستینەوە. ئێمە وەک حەماس بەشێکین لە گەلەکەمان و بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان لە هەموو دەرگاکان دەدەین".
ئەو بەرپرسەی حەماس، باسی لەوەیش کرد کە غەززە ڕۆژانە پێویستی بە سەدان بارهەڵگر پێداویستیی هەیە و، داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد گوشار بکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە غەززە.
حەی تیشکی خستە سەر دۆخی غەززە و ڕایگەیاند: "ئیسرائیلی داگیرکەر بە دوو چەک لە غەززە دەدات؛ بۆردومان و برسێتیی".
هاوکات حەی ئەوەی خستەڕوو لە کە لە میانی پرۆسەی ڕاگرتنی مرۆیی پێکدادانەکاندا تەنیا ٣٠٠ بارهەڵگر هاوکاری گەیەندراون بە غەززە و گوتی: "خێزانێکی زۆر هەیە لە غەززە دەستیان ناگات بە ئاوی پاکی خواردنەوە. دەمانەوێت ڕۆژانە ٥٠٠ بارهەڵگر هاوکاری بگاتە غەززە".