Gülşen Topçu
18 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە بڵاویکردەوە کە سوپای ئیسرائیل بۆردومانی نەخۆشخانەی ناسری لە شاری خان یونس کردووە و بەهۆیەوە منداڵێک کوژراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە، ئەشرەف قودرا، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ناسر بڵاوکردەوە.
قودرا باسی لەوە کرد کە گوللە تۆپێک بەر دیواری نەخۆشخانەکە کەوتووە، بەڵام نەتەقیوەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا منداڵێکی ١٣ ساڵان بەناوی دونیا ئەبو موحسین کە چارەسەری وەردەگرت کوژراوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕاشیگەیاند: "ئەگەر بۆمبەکە بتەقییایەوە، ئەوا کارەساتێکی گەورە ڕوویدەدا".
قودرا لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا باسی لەوە کرد کە هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر نەخۆشخانەی ئەلعەودە لە باکوور و بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەکەدا کردووە.