Sarp Özer
25 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵییدا کە لەنێوان وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکی دەزگاکانی هەواڵگریی تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لە مۆسکۆ لە کەشێکی بنیاتنەردا بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان کراوەتەوە لەسەر شێوەی چوارقۆڵی لە پێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی لە سووریا و تەواوی ناوچەکە و درێژەپێدان بەو سەقامگیرییە.
لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر یەک لە وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (MiT)، هاکان فیدان و وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگۆ و وەزیری بەرگریی ئێران، محەمەد رەزا ئاشتیانی و وەزیری بەرگریی سووریا، عەلی مەحمود عەباس و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا، ئێران و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ ''لە کۆبوونەوەکەدا بابەتەکانی بەهێزکردنی رەوشی ئەمنیی سووریا، ئەو هەنگاوە بەرجەستەییانەی دەنرێن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەرجەم گرووپە توندڕەوەکان بە هەموو شێوەکانییەوە لە خاکی سووریا، چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی سووریاییەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان تاوتوێ کران".
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە ''لایەنەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرن. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەشدا کە لە کەشێکی بنیاتنەردا بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان کرایەوە لەسەر شێوەی چوارقۆڵی لە پێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی لە سووریا و تەواوی ناوچەکەدا و درێژەپێدان بەو سەقامگیرییە''.