Sofya Hocabaşi
26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2020
ریاز ــ AA
بە بڕیاری شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە سەرجەم ناوچەكانی ئەو وڵاتە جگە لە شاری مەككە، بۆ هەشت كاتژمێر، هەڵدەگیرێت.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز بڕیارێكی دەركردووە و بەپێی بڕیارەكە لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە تا 13ی مانگی داهاتوو، قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە سەرجەم ناوچەكانی ئەو وڵاتە لە كاتژمێر نۆی بەیانی تا پێنجی ئێوارە بەكاتی ناوخۆ هەڵدەگیرێت.
ئاماژەی بەویشداوە كە ئەو بڕیارە شاری مەككە و ئەو گەڕەكانەی كە پێشتر لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و بەرگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ خراونەتە كەرەنتینەوە، ناگرێتەوە.
باس لەوەشكراوە كە لە چوارچێوەی بڕیارەكەدا، رێگە دەدرێت دەست بكرێتەوە بە بەشێك لە چالاكییە ئابووری و بازرگانییەكان لە 29ی ئەو مانگەوە تا 13ی مانگی داهاتوو لەوانە فرۆشگا بازرگانی و مۆڵەكان.
ئەوەش خراوەتەڕوو كە بڕیارەكە كردنەوەی نۆرینگەكانی جوانكاری، سەرتاشخانە، هۆڵەكانی وەرزش، سینەما، قاوەخانە و چێشتخانەكان ناگرێتەوە.
لە 23ی مانگی ئاداری رابردوو و لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاتوچۆكردن لە سەرجەم ناوچەكانی سعوودیە بۆ ماوەی 21 رۆژ قەدەغەكرا و دواتر لە 12ی ئەم مانگە تا كاتێكی نادیار درێژكرایەوە.
تا ئێستا لە سعوودیە، 16 هەزار و 299 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون كە 136یان گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 215یشیان چاكبوونەتەوە.