Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2017
مۆگادیشۆ ــ AA
لە ئاكامی تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو كە هوتێلێكیان لەناوەڕاستی شاری مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ كردە ئامانج، ١٢ كەس كوژران و ٢٥ی دیكەش بریندار بوون.
سەرچاوەیەكی ئەمنی سۆماڵ كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە خۆكوژێک لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك دەرگای هوتێلی دیح لە شەقامی مەككەی موكەڕەمە ناوەڕاستی شاری مۆگادیشۆ خۆی تەقاندەوە .
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا لە نزیك شوێنی تەقینەوەی یەكەم بەچەند خولەكێك ئۆتۆمبێلێکی دیکە تەقییەوە و بەهۆی هەر دوو تەقینەوەكەوە، ١٢ كەس كوژران ٢٥ی دیكەش بریندار بوون.
سەرچاوەكە گوتیشی: " هوتێلی دیح شوێنی حەوانەوەی بەرپرسانی حكوومییە بۆیە كرابووە ئامانج".
هەر لەوبارەیەوە، ئەحمەد كە یەكێكە لە كارمەندی فریاكەوتن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی هەردوو تەقینەوەكە ١٢ كەس كوژراون و ٢٥ی دیكەش بریندار بوون كە لەناویاندا چوار وێنەگر هەیە كە لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كار دەكەن و هەروەها سەرجەم بریندارەكان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەكانی شارەكە".