Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2017
سەڵاحەددین ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی سەڵاحەددین، ملازم نوعمان جبوری رایگەیاند، لە ئاكامی ئەو هێرشە كە داعش لە رێگەی هەشت خۆكوژەوە بۆ سەر وێستگەیەكی كارەبا لە سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامی دا، حەوت كەس كوژراون و ١١ی دیكەش برینداربوون.
نوعمان جبوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زۆربەی ئەوانەی كە لە ئاكامی ئەو هێرشە كە داعش لە رێگەی هەشت خۆكوژەوە بۆ سەر وێستگەی كارەبای جالسییە رۆژھەڵاتی سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامی دا كوژراون، پاسەوانی وێستگەكەن".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە دوای هێرشەكە، هێزە ئەمنییەكان ناوچەكەیان گەمارۆداو و رێگەکانیان بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیان داخست، هێزێكی سوپا سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سامەڕا هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینان لەناوچەكە ئەنجامدا بە ئامانجی بەرگرتن لە هێرشێکی دیکە کە داعش لە رێگەی خۆکوژی دیکەوە لەو ناوچەیە ئەنجامی بدات.
پێشتر ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەددین، نەقیب سەعد محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو كە بەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزێكی هاوبەشی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی، هێرشێكی داعشیان بۆ سەر وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە شاری سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین تێكشكاند كە لەرێگای هەشت خۆكوژەوە ئەنجامی دا.
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یەكێك لە خۆكوژەكان لە دەروازەی سەرەكی وێستگەكە خۆی تەقاندەوە و خۆکوژەکانی دیكەش لە میانی شەڕ و پێكدادانەكە لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە كوژران.
ئەم هێرشەی داعش لە كاتێكدایە كە هێزە عێراقییەكان بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك و بەشی رۆژهەڵاتی قەزای شەرگات سەربە پارێزگای سەڵاحەددین دەستیان بە ئامادەكاری كردووە.
ناوە ناوە داعش لە قەزای حەویجە و بەشی رۆژهەڵاتی قەزای شەرگات هێرش دەكاتە سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەكان كە زۆربەیان قوربانی لێدەكەوێتەوە.