Muhammet Ali Kemal
27 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
ئیستانبوڵ - AA
جێگری سەرکۆماری عێراق و سەرۆکی کوتلەی موتەحیدین ئوسامە نوجێفی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ پارێزگاری پێشووی مووسڵ ئەسیل نوجێفی، بە ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشیی بۆ تورکیا بە بۆنەی کوژرانی سەربازێکی ئەو وڵاتەوە لە کەمپی باشیک، دەستی بە قسەکانی کرد.
نوجێفی رایگەیاند: ''سەرەتا دەمەوێت پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی گەل و حکوومەتی تورکیا بکەم بەبۆنەی کوژرانی سەربازێکیانەوە لە کەمپی باشیک. ئەمڕۆ لە وەڵامی بانگهێشتی بەڕێز سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئەحمەد داودئۆغڵو سەردانی ئەو وڵاتەمان کرد و ژمارەیەک کۆبوونەوەی زۆر بەسوودمان ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکاندا باسی هەنگاوەکانی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵمان کرد''.
ئوسامە نوجێفی ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هەوڵەکانی تورکیا بۆ رزگارکردنی مووسڵ بەرز دەنرخێنن و گوتی: ''دەرفەرتی ئەوەم قۆستەوە کە سوپاسی بەڕێز سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو بکەم بۆ ئەو رۆڵەیان کە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تێرۆریستی داعشدا هەیانە کە ئەو رێکخراوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و هەموو جیهان. هاوکارییەکانی تورکیا زۆر گرنگن. ئەو وڵاتە تا ئێستا چ بۆ دانیشتوانی مووسڵ و چ بۆ ئاوارەکان کاری گرنگی ئەنجامداوە. ئێمە پێمان وایە ئەم کارانە لەماوەی داهاتوودا بەردەوام دەبن. ئێمە لەبارەیەوە باوەڕمان بە پشتیوانییەکانی تورکیا هەیە. سێ رۆژ لەمەوپێش لە باشوورەوە ئۆپەراسیۆنێک دەستی پێکرد. ئێمە خوازیارین ئەم ئۆپەراسیۆنە تین و گوڕ وەربگرێت و فراوان ببێت و بە رزگارکردنی مووسڵ کۆتایی بێت. بەشداری حەشدی نیشتمانی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەرز دەنرخێنین و بەلامانەوە گرنگە. ئەمە جگە لەوەی باوەڕمان وایە بە پشتیوانیی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە باشوورەوە دەتوانرێت مووسڵ لە ماوەیەکی کورتدا رزگار بکرێت''.
جێگری سەرکۆماری عێراق نەیشاردەوە کە هەوڵەکانی رزگارکردنی مووسڵ لەدەستی رێکخراوی تێرۆریستی داعش ماوەیەکی درێژە بەردەوامە و ئەوان دژی ئەوەن حەشدی شەعبی کە لەو چەکدارە شیعانە پێکهاتووە کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکەن.
جەختی لەوەشکردەوە دانیشتوانی مووسڵ ئەمە قبوڵ ناکەن و گوتی: ''لەدوای بەشداریکردنی یەکە شیعەکانی هاوشێوەی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگاکردنی مووسڵدا، ئەوا مەحاڵە بتوانرێت سەقامگیری و ئاسایش لە شارەکە فەراهەم بکرێت. بەهۆی ئەم گرووپانەوە ناتوانرێت سەقامگیری وەدیبهێنرێت. هیچ کەسێک ئەمە قبوڵ ناکات. ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پێکدادانی مەزهەبی. دانیشوانی مووسڵ چاوەڕێن شارەکەیان لەلایەن یەکەکانی حەشدی نیشتمانی کە بەپشتیوانی سوپای تورکیا لە کەمپی باشیک راهێنراون و پاڵپشتیی عەشیرەتەکان، شارەکەیان ئازاد بکرێت. لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانیدا هاوپەیمانیمان هەیە. لەبارەی هەماهەنگییە سەربازییەکانەوە هەماهەنگیی نزیک لەنێوانماندا هەیە. ئێمە باوەڕمان وایە کە یەکەکانی حەشدی نیشتمانی، بەشتیوانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ماوەی داهاتوودا، هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە''.
نوجێفی سەبارەت بەو مشتومڕانەی کە پێیان وایە دەبێت سوننەکانیش لە عێراق ببنە خاوەنی کیانێکی تایبەت بەخۆیان، ئاماژەی بەوەکرد ئامانجی ئێستای ئەوان بریتییە لە رزگارکردنی مووسڵ و نەهێشتنی هەڕەشەی داعش و جەختی لەوەشکردەوە لەقۆناغی دوای رزگارکردنی ئەو شارە، سوننەکان لە ناوچەکانی خۆیاندا و بەشێوەیەک کە بگونجێ لەگەڵ دەستووری عێراقیدا داوای شێوازێک لە بەڕێوەبردن و دەسەڵات دەکەن و خۆیان بڕیاری لەبارەوە دەدەن''.
سەرۆکی کوتلەی موتەحیدین راشیگەیاند: ''ئەوان خاوەنی ئەو توانا و لێهاتووییەن و دەتوانن ئەم سەرکەوتنە بەدەستبهێنن. لەقۆناغی دوای ئەمەشدا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمریکا، هەرێمی کوردستان و تورکیا لەهاوکاریدا دەبین و هەوڵەکانمان بە ئاراستەی رزگارکردنی مووسڵ بەردەوام دەبێت''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەبارەی سەربەخۆییەوە، ئەسیل نوجێفی رایگەیاند: ''سەربەخۆیی کوردستان بابەتێکە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە و ئەوانەی کە بڕیار لەو بارەیەوە دەدەن لە ئەنجامدا هەر کوردەکانن. بەڵام لەم قۆناغەدا ئەگەرچی ناڕەحەتی زۆریان بەسەربێت و نیگەرانییان لەبارەی سەقامگیری و ئاسایشەوە هەبێت، پێم وا نییە ئەمە بڕیارێک بێت راستەوخۆ زۆر لەبەرژەوەندی کوردستان بێت و پێشم وانییە لەم قۆناغەدا ئەم بڕیارە بدەن. ئێمە پێمان خۆشە کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە. مانەوەی کوردەکان لە عێراقدا زۆر بە سوودی ئەوان و ئێمەش تەواو دەبێت''.